کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاریکستانی پیلانە چەپەڵەکان

10:54 - 7 پووشپەڕ 2722

سندووس

ژان ژاک ڕۆسۆ، لە کتێبی "گرێبەستی کۆمەڵایەتی"دا کە وەکوو بەردی بناغەی سیستمە دێموکڕاتیکەکان ناسراوە، ئاماژە بەم خاڵە گرینگە دەکات:

 بەسەرنجدان بەم ڕاستییەی کە کۆمەڵانی خەڵک بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارە سیاسییەکانیان - بەدیاریکردنی خشتەیەکی زەمەنی - پێویستیان بەمە هەیە کە چەند کەس، یان حیزبێکی سیاسی وەکوو دەسەڵاتدار دیاری بکەن، بەڵام ئەگەر لەم خشتە زەمەنییە دیاریکراوەدا کاراکتێرە سیاسییەکان تووشی گەندەڵی لە بەشە جیاجیاکاندا هاتن، ئەوا بەم ئاسانییەی ل لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە هەڵبژێردراون، هەر بەم ئاسانییەش لەسەر کورسی دەسەڵات دەکێشرێنە خوارەوە و کەسانی‌تر دەچنە شوێنیان.

ئەمە حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگرە کە هەر دەسەڵاتێکی سیاسی بۆ ڕێکخستن و ڕاپەڕاندنی کارەکانی کۆمەڵگا و وەک نوێنەری زۆرینەی جەماوەر بەدەسەڵات دەگەن و دەبێ بە جۆرێک کێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان چارەسەر بکەن، تا بتوانن متمانەی کۆمەڵانی خەڵک وەدەست بێنن و بۆ جارێکی‌تر وەکوو کارگێڕ و کاربەڕێوەبەری وڵات هەڵبژێردرێنەوە. لە وەها سیستمێکدا ئەوە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکە کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات و دەسەڵاتی سیاسیش بۆی نییە لە بەرنامە و پلانی کارئاسانی بۆ ئەندامانی کۆمەڵگا لابدات، شەفافسازیی و نەبوونی گرێوگۆڵ لە ڕەفتارەکانیاندا بە یەکێک لە سەرەکیترین ڕوکنەکانی دێموکراسی دێتەهەژمار و لە ئەگەری هاتنەئارای کێشەیەکی بچووکی پێوەندیدار، دەبێ وڵامی ڕای گشتی بدەنەوە.

لە وەها سیستمگەلێکدا شەفافسازیی، بەرچاوڕوونی و بەرژەوەندخوازیی نەتەوەیی - کۆمەڵایەتی، دەبێتە ئەرک لەسەر شانی گشت سیاسەتڤانان و وەکوو هەوێنمایەی کۆی ڕەفتارەکانیان چاوی لێ‌دەکرێت. بەم شێوەیە لە ئەگەری شاردنەوە و دیزەبەدەرخۆنەکردنی بابەتەکانی پێوەندیدار بە کۆمەڵگاوە، دەسەڵاتدار کە ڕەوایی لە کۆمەڵانی خەڵک وەرگرتووە، یان دەبێ لە دەسەڵات بکشێتەوە و یان دەبێ داوای‌ لێبوردن بکات، (دیارە گەر لێی‌قەبووڵ بکرێ.) زۆر جاریش بەهۆی پێملنەبوونی بەرپرسێک بە یاسای بنەڕەتی و یاسای گشتییەوە بە توندترین شێوە سزا دەدرێ و بۆ ماوەیەکی زەمەنی زۆر دەبێ دەست لە کار بکێشێتەوە.

لە وڵاتانی دێموکراتیکدا، سامانی شەخسی تەواوی ئەو کەسانەی بەدەسەڵات دەگەن لە ژێر چاوەدێری دامودەزگا قەزاییەکاندایە، نەکا بەرپرسە پلەباڵاکان، هەل و دەرفەتی کەڵکاژۆیان بۆ بڕەخسێ و لەم متمانەیەی کۆمەڵانی خەڵک پێیان بەخشیون، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن.

لەبیرمانە چەند ساڵ لەمەوبەر وەزیری "بەرنامە و بودجە"ی فەڕانسە تەنیا لە بەر ئەوەیکە دوو حیسابی بانکی بەناوی خۆی و هاوژینەکەی لە وڵاتی سوئیس کردبوویەوە، لە دادگای باڵای ئەم وڵاتەدا بە ٣٠٠ هەزار یۆرۆ جەریمەی نەغدی و ۵ ساڵ دابڕان لە پۆستە حوکمی و حکومەتییەکان سزا درا.

بەڵام لە ناو سیستمێکی پاوانخوازدا، تەواوی ئەم بابەتانەی پێوەندییان بە بەرژەوەندی کۆمەڵگاوە هەیە، دەشاردرێنەوە و لە بەر چاوی کۆمەڵانی خەڵک و ڕای گشتی ون و دیزەبەدەرخۆنە دەکرێن.

لە کۆماری داخراوی ئاخوندیدا گشت بڕیارەکان لە چەند شوێنی نادیار دەدرێن، کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ژێر چاوەدێری خامنەییدان، هیچ بایەخێک بۆ ڕای گشتی داناندرێ و کەس نازانێت لە تاریکخانە هەزار بە هەزارەکەی "بەیتی ڕێبەری"دا چۆن چۆنی ئەم هەموو پیلانە دادەڕێژرێت.

بۆ هیچکەس ڕوون نییە خامنەیی سامانی چەندە و ساڵانە چەندی دەکاتە تێچووی مەڕامە چەپەڵ و وێرانکارییەکانی، لە کوێ دەژی و چ جۆر بنەماڵەیەکی هەیە؟ قاپەلێسێک دەڵێ خامنەیی چەند ساڵی ڕێبەریی لە ناو کانێکسدا ژیاوە، یەکی‌تر دەڵێ خواردنی ناوبراو بۆ چەند ڕۆژ قاپە هەڵوایەکە و هیچی‌تر! لە کۆی ئەم گێڕانەوانەدا دەیانهەوێ فەزیلەت و پاکی ئەم گەورەدزە نیشان بدەن. تا ئێستا هیچ شەفافییەتێک لەسەر خۆی و بنەماڵەکەی و چەندوچۆنی ژیانیان لەبەر دەستدانییە، بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەمەیە کە لە بەیتی خامنەییدا بڕیار لەسەر چارەڕەشی خەڵک، وێرانکردنی وڵات، سەرکوت و کوشتوبڕی جیابیران دەدرێت. لەم سیستمەدا نەک هەر بۆچوونی کۆمەڵانی خەڵک بایەخی نییە، بگرە تەواوی پیلانە دژەگەلییەکان و ئاڵوگۆڕەکانی نێو سیستم و لابردنی مۆرە گرینگەکانی ڕێژیم لە تاریکخانەی بەیتی خامنەییدا دەدرێن.

لە وەها بارودۆخێکدا ئەوەی دەیبیستین تەنیا هێندێک تەفسیری ڕووداوەکانی ناو تاریکستانی ئەم "بەیت"ە ماڵوێرانکەرەیە، ئەویش بەهیچ شێوەیەک ڕاستی ڕووداوەکان دەرناخەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئاخوند "حوسێن تائێب"، وەکوو یەکێک لە گرینگترین مۆرەکانی هەواڵگریی ئاخوندی و بەپرسی دەزگای هەواڵگریی سپای پاسداران، لە لایەن پاسدار حوسێن سەلامی فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە وەلانرا و "محەممەد کازمی" وەکوو بەرپرسی نوێی ئەم دەزگا ترسێنەرە دیاری کرا.

هیچ گومانێک لەم ڕاستییەدا نییە کە شەخسی خامنەیی لە لابردنی حوسێن تائێبدا ڕۆڵی هەرەسەرەکی هەبووە، بەڵام خۆی لێ‌بواردووە و  وەکوو گشت بابەتەکانی‌تر نابێ ڕای گشتی و کۆمەڵانی خەڵک وابیر بکەنەوە کە باوەڕپێکراوترین مۆرەی ئەمنییەتی دەسەڵاتی ئاخوندی لەبەر چ هۆکارێک لەم نیهادە داپڵۆسێنەرە دوور خراوەتەوە، نەکا قەداسەتی ئاغا تێکبشکێ و وا بیر بکرێتەوە کە خامنەیی لە دانانی حوسێن تائێبدا تووشی هەڵە بووە!

ڕووداوی لابردنی حوسێن تائێب هەر شتێک بێ، ڕاستی ئەم بۆچوونە ناگۆڕێ کە کۆماری ئاخوندی بەم هەموو وێرانییەوە کە لە گشت بوارەکاندا بەرهەمی هێناوە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی شەفافییەت، تێفکرینی ڕەخنەگرانە، ئازادی چاپەمەنی و هەڵبژاردنی ئازاد. وشککردنی ئەم سەرچاوە زوڵاڵانە لە لایەن خامنەییەوە بووەتە هۆی بیچمگرتنی تاریکستانێک لەژێر ناوی ئەختاپووسی خامنەیی و لەڕاستیدا خامنەیی بەرپرسی ڕاستەوخۆی تەواوی قەیرانەکانە، ئەم قەیرانە تاقەپڕووکێنانەی لە تاریکستانەکەیدا پیلانی بۆ دادەڕێژێ.