کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاقمێکی کورد لە ڕێکخراوی "ئەلقاعیدە"دا خەریکی چالاکیین

10:52 - 24 بەفرانبار 2720

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە؛ سێ کورد کە سەرپەرەستیی تیپێکی کوردی لە ڕێکخراوی "ئەلقاعیدە"دا دەکەن لە سنووری نێوان "ئێران و عێراقـ"دا سەرقاڵی چالاکین.
 
وەزیری دەرەوەی ئامریکا ناوی ئەو سێ کەسە کوردەی ئاشکرا کردووە کە بریتین لە: "ئیسماعیل فوئاد ڕەسووڵ ئەحمەد، فوئاد ئەحمەد نووری ئەلشەخان و نێعمەت حەمە ڕەحیم حەمە شەریف" ئەو سێ کەسە لە ڕێکخراوی "ئەلقاعیدە"دا سەرپەرەستیی  ئیسلامییە توندڕەوەکان دەکەن.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا هیچ زانیارییەکی زیاتری لەبارەی ناسنامەی ئەو سێ کەسەوە نەخستووەتەڕوو.

"پۆمپێئۆ" لە نوێترین لێداوندا وتوویەتی "ئێستا بارەگای نوێی قاعیدە لە ئێرانە" و ڕێژیمی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەستی هەبووە لە هێرشەکانی ١١ی سێپتامبردا.

"پۆمپێئۆ" وتوویەتی: "سێ دەیەیە ئێران پەیوەندیی لەگەڵ ڕێکخراوی ئەلقاعیدە هەیە و یارمەتیی ئەو رێکخراوەی داوە و هەروەها ڕێژیمی ئێران پارە و پاسپۆرتی داوەتە بەرپرسانی ئەلقاعیدە و قاعیدەش کار بۆ پاراستنی ئێران دەکات.