کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاقیکاریی کۆرۆنا لە سنە سنووردار کراوە

17:31 - 15 خەرمانان 2720

ڕێژیمی ئێران بەهۆی ئەوەی کە ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییان و تووشبووانی کۆرۆنا بڵاو نەبێتەوە، تاقیکاریی کۆرۆنای لە "سنە" سنووردار کردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، بەرپرسانی تەندروستیی ڕێژیم لە "سنە" بە خەڵکیان وتووە، بە نرخی دەوڵەتی تەنیا ١٠ تاقیکاری دەکرێت و ئەگەر لەوە زیاتر بێت، بۆ هەر نموونە تاقیکارییەک دەبێ بڕی یەک ملیۆن تمەن پارە بدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵک لەو بارودۆخەدا توانای دانی ئەو بڕە پارەیان نییە، هەر بەو بۆنەیەوە چیتر تاقیکاریی کۆرۆنا نادەن و ئەوەش بۆ تووشبوونی زیاتری خەڵک مەترسیدارە.

سنووردارکردنی نموونە تاقیکارییە دەوڵەتییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە لەلایەک ڕێگری دەکات لە بڵاوبوونەوەی ئاماری ڕاستەقینەی تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا و لەلایەکی دیکەوە داهاتێکی باشی هەیە بۆ دەوڵەت و لەو ڕێگەیەوە زیاتر لە جاران خەڵک دەڕووتێننەوە.