کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تام کاتێن: ئامریکا گەڵاڵەیەکی دیاریکراوی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران هەیە

12:35 - 6 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: "تام کاتێن"، سێناتۆری کۆماریخوازەکانی سێنای ئامریکا ڕایگەیاندووە کە ئامریکا بۆ یەکەم جارە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، گەڵاڵەیەکی دیاریکراوی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا هەیە.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی پووشپەڕ، "تام کاتێن"، سێناتۆری کۆماریخوازەکانی ویلایەتی "ئارکانزاس" لە سێنای ئامریکا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی هەواڵدەریی "فاکس نیوز"، ڕایگەیاندووە: "ئەمە یەکەم جارە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، گەڵاڵەیەکی دیاریکراوی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا هەیە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".

سێناتۆر "تام کاتێن"، لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا، وێڕای ئاماژەدان بە گوشارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران و گەمارۆکانی ئەم دواییانەی سەر بەیتی ڕێبەریی ڕێژیم و بلوکەکردنی چەند سەد ملیۆن دۆلار لە داراییەکانی ڕێژیمی ئێران کە زیاتر لە دووسەد ملیۆن دۆلاری، دارایی تاکەکەسیی خامنەیی بووە، وتوویەتی: "ئەو گوشارانە، لەسەر ڕێژیمی ئێران کاریگەریی هەبووە".

ئەو سێناتۆرەی سێنای ئامریکا، لە درێژەی باسەکەیدا ڕایگەیاندووە کە داواکارییەکانی ئامریکا ڕوو بە ڕێژیمی ئێران، داواگەلێکی سەیروسەمەرە نین و ئێمە تەنیا وتوومانە کە ڕێژیمی ئێران پاڵپشتیی تێرۆریزم نەکات و هێرش نەکاتە پاپۆڕە مەدەنی و ناسەربازییەکان.

هەروەها ناوبراو لە کۆتاییشدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران دەبێت هەڵسوکەوتی وڵاتێکی ئاسایی بگرێتە پێش، بەڵام لە هەر ئەگەرێکی تری دوور لەو شێوەیە، گوشارەکان لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە درێژەیان دەبێت و بگرە زیاتریش دەبن.