کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تانکرێکی نەوتهەڵگر لە جادەی سنە ـ مەریواندا وەرگەڕا

11:59 - 30 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی وەرگەڕانی تانکرێکی نەوتهەڵگر لە جادەی سنە ـ مەریواندا، ٢٠ هەزار لیتر نەوتی ڕەش، ڕژایە نێو ڕووباری سیروان.

"ئێقباڵ حەمیدی"، جێگری چاوەدێریی ئیدارەی گشتیی پاراستنی ژینگە، لە لێدوانێکدا باسی لە وەرگەڕانی تانکرێکی نەوتهەڵگر و ڕژانی مازووت بۆ نێو ڕووباری سیروان کردووە و سەبارەت به مەترسییەکانی ئەم ڕووداوە بۆ ژیانی گیاندارانی نێو ئاوەکە دواوە.

بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، تانکرەکە ٢٧ هەزار لیتر نەوتی ڕەش یان مازووتی پێ بووە کە لە دەوروبەری گوندی "بەرقڕوو" وەردەگەڕێت و نزیک بە ٢٠ هەزار لیتر لەم مادەیە دەڕژێتە نێو ڕووبارەکەوە.

ئاوی ڕووباری سیروان، دابینکەری سەرەکیی ئاوی خەڵکی ئەو ناوچەیەیە و بۆ وەرزێڕی و هەروەها کشتوکاڵ لەو ئاوە کەڵک وەردەگیردرێت، هەر بۆیە داوا لە خەڵک کراوە کە تا دڵنیابوون لە خاوێنبوونەوەی ئاوەکە، کەڵکی لێوەرنەگرن.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا، ١٠ حاڵەتی وەرگەڕانی تانکری مادەی نەوتی لە پارێزگای سنەدا ڕووی داوە، کە زیاترینیشیان  لە ڕێگای سنە ـ مەریواندا بووە؛ هۆکاری سەرەکیی ڕوودانی ئەم جۆرە ڕووداوانە کە پێشتریش لە شوێنەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها لە بەنداوی قشڵاخی شاری سنەش ڕوویان داوە، بۆ تەسک بوون و ناستاندارد بوونی جادەکان، ترافیکی زۆر و هەروەها کێشە لە ژێرخانەکاندا دەگەڕێتەوە، هەرچەند کە زۆرکەس پێیان وایە کە ئەمانە کردەوەگەلێکی بەئەنقەستن کە لە لایەن خودی ڕێژەمەوە ئەنجام دەدرێن تاکوو جۆرەکانی نەخۆشی لە کوردستان زیاد بکەنەوە و هەروەها بە ئارامی خەڵک لەنێو ببەن.

مازووت یان نەوتی کوورە، یەکێک لە هیدرۆکەربۆنە نەوتییەکانە کە پاش پاڵاوتنی نەوتی خاو دروست دەبێت و ڕەنگێکی ڕەشی هەیە بۆیە پێی دەوترێت نەوتی ڕەش کە تێکەڵبوونی لەنێو ئاودا تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش دەخاتە مەترسییەوە.