کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تانکرەکانی ئاوخواردنەوە ئاوی خواردنەوەی خەڵکی کوردستان و ئێران دابین دەکەن

12:28 - 12 جۆزەردان 2720

شارەکانی کوردستان و ئێران تووشی بێ‌ ئاوی و کەمئاوی بوونە و خەڵک بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕووی کێشەی جیددی بوونەتەوە.

جیا لە پارێزگاکانی وەک ئەهواز، سیستان و بەلووچستان، کرمان و ئیسفەهان، ئەمجارە بێ ‌ئاوی شارە کوردنشینەکانی خوراسانیشی گرتووەتەوە.

"غوڵامحوسێن ساقی"، بەڕێوەبەری شیرکەتی ئاو و فازڵاوی خوراسان وتوویەتی، دانیشتووانی ٣٠٠ گوند لەو پارێزگایە کێشەی کە‌مئاوی و بێ‌ ئاوییان هەیە.

ئاوی خواردنەوەی نزیک بە ٨٣ گوند بە تانکر دابین دەکرێت.

کێشەی کەمئاوی و نەبوونی ئاوی پێویست لە ئێراندا، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەی کەڵکوەرگرتن لە ئاو لەو وڵاتەدا زۆر زیاتر لە ستانداردی جیهانییە.

پسپۆڕانی ژینگە لەمەڕ کێشەی بێ‌ ئاوی لە ئێراندا هۆشدارییان داوە کە کەڵکوەرگرتنی بێ‌ سنوور و ناستاندارد لە ئاوە ژێرزەوینییەکان و گۆڕینی جوغرافیای سروشتی بەهۆی گەڵاڵەکانی ڕێژیمەوە، بۆ وێنە سازکردنی بەنداوەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاتنە ئارای ئەم دۆخانەن.

دۆخی کەمئاوی لە ئێراندا هێڵی قەیرانی تێپەڕ کردووە و بەرپرسانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن کە تا چەند ساڵی دیکە ئێران دەبێتە کەویرێکی ڕووت و وشک.