کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوانبار کێیە؟

16:47 - 15 سەرماوەز 2719

جاقل

ڕێژیم و سازمانی نیزام موهەندیسی ئێران لە بەرانبەری کوژران و بریندار بونی خەڵک لە تالاری " مانگە شەو " ی شاری سەقزدا دەبێ وڵامدەر بن .

بەداخەوە شەوی پێنجشەممە لە سەر جومعە لە یەکێک لە تالارەکانی شادی و زەماوەندی شاری سەقزدا خەڵکانێکی زۆر کوژران و بریندار بوون . ئامارە سەرەتاییەکان باس لە کوژرانی یازدە کەس و بریندار بوونی نیزیک بە چل کەس دەکەن . 

بەرپرسانی ناوچەیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک بەرپرسیارانی یەکەمی ئەم جینایەتە ترسناکە هەتا ئێستا جگە لە هاوسۆزی بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردوان و بریندارەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە و حاکمییەت بە گشتی نایهەوێ باس لە هۆکارەکانی خوڵقانی ئەم جۆرە ڕووداوانە بکات . 

ڕێژیمی دژی شادی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە بە گشتی لە گەڵ شادی وهەڵپەڕکێ و کەلتوورە ڕەسەنەکانی نەتەوە جیاجیاکانی ناو جوغڕافیای ئێران و یەک لەوان نەتەوەی کورد دژایەتی ڕاستەوخۆی بووە و هەیە . لە ساڵانی سەرەتای دامەزرانی ڕێژیم هێزەکانی ساروڵا و گەشتەکانی کۆمیتە، ڕێگایان لە بەڕێوەچوونی زەماوەندەکان تەنانەت لە ناو ماڵەکاندا دەگرت و شادی خەڵکیان دەشێواند و تێکیان دەدا .

لە ساڵانی دواتردا و لەگەڵ خەباتی مەدەنی و گەورەبوونەوەی شارەکان، ڕێژیم ئیدی نەیتوانی وەک جاران پێش بە زەماوەند و هەڵپەڕکێی خەڵک بگرێ و هاوشێوەی زۆربەی شوێنەکانی جیهان زەماوەندەکان لە ژوور و هۆڵە گشتییەکان بەڕێوە دەچوو . بەڵام ئەو تالار و هۆڵانە کە مێژوویان لە کوردستاندا مێژوویێکی زۆر کۆن نییە لەباری ڕێژە [ کمیت ] وە زۆر نەبوو . جگە لەمانەش لە باری کەیفییەتەوە زۆربەیان ناستاندارد و غەیرە ئوسولی بوون و لەگەڵ پێوەرەکانی میوانداری و نیشتەجێ بوونی چەند کاتژمێریشدا نەدەگونجان .

بەو حاڵەش خەڵک لە ڕووی ناچارییەوە و بۆ ڕاپەڕاندنی داوەت و خۆشیەکانیان ڕوویان تێدەکەن و بەداخەوە زۆربەی کاتەکان شادییەکان بە شین کۆتاییان پێدێت و خەڵکانێک گیان لە دەست دەدەن و خەڵکانێک بریندار دەبن کە دوانموونەی ئەم شادی تێکەڵ بە شینە لە تالاری مانگەشەوی سەقز بەرچاو کەوت .

ئەم تالارانە لەگەڵ ستانداردەکانی خودی ڕێژیمش نایەنەوە کەچی بەو حاڵەش ئیزنی کاریان پێدەدرێ و هەتا ئێستا سازمانی نزارەت و بازڕەسی چاوپۆشی لە کەموکوڕییەکانیان دەکات .
بەشی هەرەزۆری تالارەکانی کوردستان لە باری فەزا و خاکەوە بەرتەسک و بچووکن و زۆربەی کاتەکان چەندین بەرانبەری زەرفییەتی واقعی خۆیان خەڵک لەخۆ دەگرن کە ئەمەش خوڵقێنەری زۆر گرفت و کێشەی کۆمەڵایەتی و ڕووداوی ترسێنەرە .

هەڵکەوتەی جوغڕافیایی گشتی ئەم تالارانە یان لە شوێنی زۆر دوورەدەستە یان لە شوێنگەلێکە کە وەسایلی گشتی هاتوچۆ وەک تاکسی و ئوتوبووس و هتد نایانگرێتەوە . زۆربەی کاتەکان ئەو تالارانە لە قەراخ جادەکانی دەرەوەی شار هەڵکەوتوون کە بەهۆی نەبونی جادەی تایبەت یان جادەی ژێرگوزەر تەسادفی خوێناوی ماشین تێیاندا ڕوی داوە .

ئەو تالارانە لە ناوەندەکانی فریاکەوتن وەک ئاگرکوژاننەوە و ئورژانس و هتد دورن و لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا ناوەندەکانی فریاکەوتن و خزمەتگوزاری لە کاتێکی زۆر درەنگدا بە فریای خەڵکانی لێقەوماو دەکەون .

دابینکردنی گەرما لە زستاندا و فێنکی و سەرما لە کاتی گەرمادا لەم جۆرە شوێنانە لەوپەڕی ناستانداردیدایە و زۆربەی کاتەکان وەسایلی سەرمایی لە هاویندا یان بوونی نییە یان ئەگەریش هەبێ زۆر لاوازە و بە سیمکەشیێکی زۆر سەقەت کە زۆربەی کات ئاگری گرتووە هەوای سارد بۆ میوانەکان دابین دەکرێ . گەرمای بەشی هەرە زۆری ئەم تالارانە لە ڕێگای کورە گازییەکان یان مەشعەلە ئیستادەکانەوەیە کە بە هۆی حەشیمەتی زۆری خەڵک و فەرسودە بوونی ماوە بە ماوەی ئەو کەرەستانە ئیمکانی دزە کردنی گاز زۆر زۆرە و دەتوانێ گیانی میوانەکان و ژن و منداڵی خەڵک بخاتە مەترسییەوە .

شوێنی نان خواردن و حەوانەوەی میوانەکان لە زۆربەی ئەم تالارانەدا بەرتەسک و بچووکە و لە ئەگەری ڕوودانی حاڵەتێکی مەترسیدار وەک ئاگر گرتن ، بوومەلەرزە ، داڕمانی بینا و هتد هیچ ڕێگایەکی ئیزتراری بوونی نییە و لە کاتێکدا کە حاڵەتگەلێکی لەم چەشنە ڕوو دەدات زۆربەی خەڵک بەتایبەت ژن و منداڵ و بەساڵاچووان دەکەونە ژێر دەست و پێی حشیمەتەکە و ئەگەری گیان لە دەستدانی خەڵک زیاتر بەرز دەبێتەوە .

تالارەکانی شارەکانی کوردستان و بەتایبەت سەقز لە باری بێهداشتییەوە لە ئاستێکی نزمدان و بە گوێرەی پێویست پاک و خاوێنیان تێدا بەدی ناکرێ . یەکێک لەم شتانە سرویسە بێهداشتییە کەم و بچووکەکانە کە لە باری دابینکردنی ئاو و دەرکردنی ئاوەڕۆوە لە ئاستێکی نزمدان .

زۆربەی ئەم تالارانە لە پێشدا سولەی سەنعەتی یان شوێنی بەرهەمهێنان بوون کە دواتر کاربەریەکانیان گۆڕدراوە و بە گۆڕانکارییەکی بچووک و سەرەتایی وەک تالار کەڵکیان لێ وەردەگیرێ کە سازمانی نیزام موهەندیسی شارەکان ئیزنی دروستکردن یان نۆژەنکردنەوەیان پێدەدەن .

شوێنی پارکی ماشین لە زۆربەی هەرە زۆری ئەم تالارانەدا لە پێش چاو نەگیراوە و کەمجار هەیە کە بە هۆی دانانی ماشین تەسادف یان حاڵەتی ناشیرینی دزی ڕوو نەدات و هیچ کەسیش لە بەرانبەر ئەم خەسارە گەورانەدا وڵامدەر نییە .

بە هۆی کەمیی تالار لە سەقز زۆربەی کاتەکان چەند زەماوەند لە یەک دوو ڕۆژدا بەڕێوە دەچێ یانی هێشتا شادییەک کۆتایی پێنەهاتووە و تالارەکە خاوێن نەکراوەتەوە تالارەکە بۆ زەماوەندێکی دیکە بەکرێ دەدرێ و لەم ترافیکی حەشیمەت و ماشینانەدا حاڵەتی نەخوازراوی زۆر ڕوو دەدات .

باڵانسێکی گونجاو لە نێوان فەزای باز و داخراوی ئەو تالارانەدا بوونی نییە زۆربەی کاتەکان دەنگی زۆری ناو تالارەکان دەبێتە هۆی وەڕەزی خەڵکانی دەور و پشتیان . یان هیچ فەزایەکی حەوانەوەی بۆ منداڵان تێدا بەدی ناکرێ .

نەبوونی داهات و کێشە ماددییەکان کە پەیتا پەیتا لە ئێران و کوردستان پەرە دەستێنێ دەستی خەڵک دەبەستێ هەتا هەزینەیەکی زۆر بۆ شادیەکانیان بکەن . خاوەنی تالارەکانیش بە کەمترین داهاتەوە لە هەوڵدان وڵامدەری میوانەکان و خەڵکانێک بن کە بۆ تێپەڕاندنی خۆشیەکانیان ڕوو لەوان دەکەن . 

کاتێک ڕووداوی دڵتەزێنی تالاری مانگەشەو ڕویدا تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە لە کاتی پێویستدا نەگەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و قەبارەی کارەساتەکە گەورەتر بوویەوە . بە هۆی کەمبوونی ئامبوڵانس و نەهاتن و درەنگ هاتنی ناوەندەکانی فریاکەوتن لە شاری سەقز خەڵک خۆیان بە ماشینی خۆیان تەرمی ئازیزان و بریندارەکانیان بۆ دوو نەخۆشخانەکەی سەقز گواستەوە . نەخۆشخانەی خومەینی و تەئمینی ئیجتماعی لەوپەڕی بێ ئیمکاناتیدان و هەندێ کەس کە ئێحتماڵ دەدرا زیندوو مابان لە ناو نەخۆشخانەکاندا گیانیان ئەسپارد . پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە ئاستێکی نزمدا هەتا ڕۆژی دواتر هەر درێژەی هەیە و کەسانێک کە توانای ماڵیان هەیە خۆیان بریندارەکانی خۆیانیان بەرەو شارە گەورەکانی ئێران بردووە هەتا لە مردن ڕزگاریان بکەن .

تیپەکانی ئەرتەش ، سپا و هێزی ئینتیزامی لە شاری سەقز کە دەیان ئامبوڵانس و پزیشکیان هەیە لەم کاتە هەستیارەدا وەک دوژمن لە خەڵکی ئاسایی و بێ دەرەتانیان ڕوانی و هیچ یارمەتییەکیان بە خەڵکی لێقەوماو نەکرد . ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی جینایەتکاری ئاخوندی دەرمان و خزمەتگوزاری پزیشکی بۆ خەڵکی وڵاتانی دورەدەست دابین دەکات و بەلێشاو سەرمایە و داهاتی خەڵکی کوردستان لە عێراق و سوریە و لوبنان و هتد خەرج دەکات بەڵام چوونکە بە شێوەی سیستماتیک لە هەوڵی لەناوبردن و قڕکردنی خەڵکی کوردستاندایە هیچ خزمەتگوزاریێک بۆ خەڵکی کوردستان [ تەنانەت لە کاتە هەستیارەکانیشدا ] دابین ناکات . ڕێژیمی تیرۆریستی بۆ لەناوبردنی تاکی کورد هەموو ڕێگایەک دەگرێتە بەر هەرچەند کە دور نییە کارەساتی خوێناوی تالاری مانگەشەوی سەقزیش ڕووداوێکی بە ئەنقەست و لە ڕێگای دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیم لە کوردستاندا نەبێ .

ئەوە پرسیارێکی دروست و ئەساسییە کە بڵێین خوڵقێنەری تەواوی ئەم کەموکوڕی و نەهامەتیانە کێیە ؟

بێگومان کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامین!

ئەوە ئەوانن کە بە پێی ئیدئۆلۆژییە خورافی و جینایەتکارانەکەیان ڕێگری دەکەن لە دروست بوونی تالار و شوێنە گشتییە نوێ و ئیستانداردەکان و ئەگەر سەرمایەدارێکی ئەم کوردستانە بیهەوێ سەرمایەکەی لە بواری تالارسازیدا بخاتە گەڕ لە نیزامی دەست و پێگیری بوروکراسی ئیداریدا هیلاک و وەڕەزی دەکەن و بە دانانی قانونی بێبنەما و کاغەز بازی ئیداری لە مەیدان وەدەری دەنێن .

ئەوە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامین کە دژی شادین و هەمیشە لە هەوڵی بەرتیل وەرگرتندان و چاوپۆشی لە بێ کەیفییەتی شوێن و کەرەستەکانی ناو تالارەکان دەکەن و گیان و ماڵی هاووڵاتیانیان بۆ گرینگ نییە و بە کوژران و بریندار بوونی خەڵک خۆشحاڵ دەبن و تۆماری جینایەتەکانیان لە کوردستان باڵا دەکات .

بە داخەوە شادیێکی کوردستان و شاری سەقز لە شەوی ڕابردوودا بە شین کۆتایی پێهات بەڵام خەڵکی کوردستان عاملانی ڕاستەقینەی ئەم جۆرە جینایەتانە باش دەناسن . ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پشت هەمووی ئەو کوشتارانەوەیە کە لە جادەکان و تالارەکان و سنوورە کۆڵبەرییەکان و هتد ڕوو دەدات و تەنیا بیرێکی فاشیستی و ئینسانکوژانە کە لە پشت ئەو ڕووداوانەوەیە بیری زیادەخوازانە و داگیرکەرانەی حاکمانی تیرۆریستی تارانە .

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.