کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوانێکی دیکەی ڕێژیمی ئێران ئاشکرا کرا

17:25 - 14 رێبەندان 2719

تۆمارێکی دەنگی بڵاو کراوەتەوە کە دەری دەخات فڕۆکە ئۆکرانییەکە بە ئەنقەست کراوەتە ئامانجی مووشەکەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران.

هەواڵدەرییەکی وڵاتی ئۆکراین تۆمارێکی دەنگی بڵاو کردووەتەوە کە  دەری دەخات فڕۆکەوانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەگەڵ بورجی چاودێری فڕۆکەخانەی "خومەینی" لە تاران پێوەندیی کردووه.

لەو پێوەندییەدا دەردەکەوێت فڕۆکەخانەکە ئاگاداری کرانە ئامانجی ئەو فڕۆکە مەدەنییە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسداران بووه.

ئەو گرتە دەنگییە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێرانی بەدرۆ خستووەتەوە کە ئیدعایان دەکرد بورجی چاودێریی فڕۆکەخانە ئاگاداری هێرشە مووشەکییەکە نەبووە.

دوای تێپەڕبوونی سێ هەفتە لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکراینی ئەوە یەکەم  تۆماری دەنگییە کە لە پێوەندی نێوان بورجی چاودێریی فڕۆکەخانە و فڕۆکەوانەکە بڵاو بووەتەوە.

لەو تۆمارە دنگییەدا فڕۆکەوانەکە باس لە هەندێک نوور و ڕۆشنایی دەکات کە گۆیا لە دەرووبەری کەرەج بێت.

دوای ئەو پەیامە بورجی چاودێریی ٩ جار پەیام بۆ فڕۆکەوانی ئەو فڕۆکەیە دەنێرێت بەڵام هیچ وڵامێک ناداتەوە و لە ئاکامدا تەقینەوەیەکی گەورە ڕوو دەدات.

پێشتر سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسداران و عەلی خامنەیی خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە مەدەنییەیان بە هەڵەی سیستمی بەرگری ناو بردبوو.

ئەو تۆمارە دەنگییە دەری دەخات کە پێشوەختە فڕۆکەخانەی تاران ئاگاداری بەئامانجکردنی ئەو فڕۆکە ئۆکرانییە بووە.