کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوتوێکردنی پەیوەستبوونی ڕێژیم بە "سی.‌ئف‌.‌تیـ"ـی لە مەجلیس و کۆبوونەوەی ناڕازییانی ئەم گەڵاڵەیە

12:20 - 9 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: پەیوەستبوون ڕێژیمی ئێران بە کونوانسیۆنی بەرەنگاریی لە هەمبەر دابینکردنی داراییی تێرۆریستان، نارەزایەتیی بە دواوە بوو.

هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی گەڵاڵەی پەیوەستبوونی ڕێژیمی ئێران بە کونوانسیۆنی بەرەنگاریی لە هەمبەر دابینکردنی داراییی تێرۆریستان، لە کۆبوونەوەیەکی ئاشکرا لە مەجلیسدا، ناڕازییانی ئەم گەڵاڵەیە لە بەردەم بینای مەجلیسی ڕێژیم کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

ئەم گەڵاڵەیە یەکێک لە چوار گەڵاڵەکانی پێوەندیدار بە گرووپی تایبەتی هەوڵە دارایییەکان ناسراو بە (ئف‌.ئی.تی.ئفـ)ـە، کە لە مانگی جۆزەردانەوە لە مەجلیسی رێژیم لە حاڵەتی بێدەنگیدا ماوەتەوە، کە پەسەندکردنی یان نەکردنی ئەم گەڵاڵەیە دەتوانێت لەسەر نرخی دراوی ئێران کاریگەریی دابنێت.

دژبەرانی ئەم گەڵاڵەیە کە وەکوو دژبەرانی حەسەن ڕۆحانی خۆیان پێناسە دەکەن، هۆکاری دژایەتییان لە هەمبەر پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە واژۆکردنی ئەم کونوانسیۆنە ڕێگەی یارمەتیگەیاندنی ماڵیی بە گرووپەکانی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان دەبەستێت، بەڵام لایەنگرانی حەسەن ڕۆحانی لەسەر ئەو باوەڕەن، کە دژبەرانی ئەم گەڵاڵەیە لە ڕوونکاریی ئابووری و پێشگرتن لە گەندەڵکاریی بانکی دەترسن.

هێنان و بردنی ئەم گەڵاڵە چواربەشییە لە مەجلیسی ڕێژیم کە برتیییە لە: گەڵاڵەی پەیوەستبوون ڕێژیم بە کونوانسیۆنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاریی لەگەڵ تاوانە ڕێکخراوەیییە سەروو نەتەوەیییەکان (پالرموو)، دەسکاریی یاسای بەرەنگاریی لەگەڵ سپیکردنەوەی دراو، دەسکاریی یاسای بەرەنگاریی لەگەڵ دابینکردنی داراییی تێرۆریستان و پەیوەستبوونی ڕێژیمی ئێران بە کونوانسیۆنی بەرەنگاریی لەگەڵ دابینکردنی داراییی تێرۆریستان (سی.ئف.تی)، بەشێکی دیکە لە شەڕە زێڕێنگەرانەکانی بەرپرسانی ڕێژیم و چەواشەکردنی ڕای گشتی جیهانە، کە گوایە ئەم ڕێژیمە پشتیوانیی لە تێرۆریستان ناکات و پێوەندیی لەگەڵیان نییە.

ئەم شەڕە زێڕێنگەرانە لە حاڵێکدایە، کە عەلی‌ئەکبەر وەلایەتی، چەند ڕۆژ پێش بە بۆنەی یادکردنەوەی ٨ ساڵ شەڕی نێوان ئێران و عێراق، لە یەکێک لە زانکۆوەکانی ئازادی ئیسلامی وتوویەتی: هێندێ کەس دەڵێن: ئێمە خۆمان نیازمەندین بۆچی یارمەتی وڵاتێک وەکوو لوبنان بکەین؟ دەبێت بڵێین: لاوەکانی لوبنان گیانیان لەسەر دەست داناوە، هەتا لە ئێمە و بەرژەوەندییەکانمان لە ناوچەکە داکۆکی بکەن.