کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوتوێی چەند پرسێکی ڕۆژەڤی کوردستان لە کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا

18:07 - 14 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا چەند پرس و ئەگەرێکی بەردەم بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێرانیان خستە بەرباس.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاوی، یازدەهەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە میوانداریی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هات و لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر چەند بابەت و بەرنامەی کاریی ناوەند، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا و بڕیاریان بۆ درا.

لەو کۆبوونەوەیەدا دواگۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران و کوردستان، هاوکێشە ناوچەییەکان و کاریگەرییان لەسەر ئێران و ئەگەرەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد هاتنە بەرباس و وێڕای لێکدانەوەی بارودۆخی هەستیاری ئێستا و سیناریۆ ناڕوونەکان، پێداگری لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و یەکگوتاریی زیاتری هێزە سیاسییەکانی کوردستان کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکەدا پڕه‌نسیپه‌كانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کورستانی ئێران بۆ "هاوکاری (تعامل) له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ڕوانین له سیستمی سیاسیی داهاتووی ئێران" پەسند کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوکەدا باسی کۆڕبەندی وەرشۆ (لەهێستان) بۆ باس لەسەر ئەمنییەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە ناسەقامگیریی ئاشتی و هێمنیی جیهان کرا.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە پێداگری لەسەر گرینگیی ئەم کۆبوونەوە نێودەوڵەتییە ڕای وابوو کە پێویستە سەرنجی بەشدارانی کۆبوونەوەکە بۆ لای پرسی کورد و نەتەوەکانی دی لە ئێران، سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بۆ ئاسمیلاسیۆنی کورد، سەپاندنی شەڕ و میلیتاریزەکردنی کوردستان، حاشاکردن و سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و چوار دەیە پاشخستنی کوردستان لە ڕووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئێران و هەروەها ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە ناسەقامگیرکردنی ناوچە، دەستێوردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان، پشتیوانییان لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیم بۆ پەرەپێدانی نائەمنی و ناسەقامگیری لە دنیادا ڕابکێشین. بۆ ئەو مەبەستەش ناوەندی هاوکاری لەسەر کۆمەڵە بەرنامە و پێشنیارێک ساغ بوویەوە.

لەو کۆبوونەوەیەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کۆردستانی ئێراندا دوای هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی هەمەلایەنە بڕیار لەسەر چەند بەرنامەیەکی کاریی دیکەی ناوەند، لە پێوەندی لەگەڵ پرسە ڕۆژەڤەکانی دیکەی کوردستان و ئێران درا.