کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵانچییەتی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای جۆراجۆرەوە درێژەی هەیە

12:06 - 25 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: شۆرا و دێهیارەکان لە گوندەکانی کوردستاندا بۆ بەڕێوەبردنی پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدان سندووقی قەرزولحەسەنە دابمەزرێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی بانەمەڕ، لە دانیشتنێکدا بۆ شۆرا و دێهیارەکان  کە کاژمێر ١٠ و ٣٠ خولەک لە بنکەی بەسیجی  گوندی "دریاز"، لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بەڕێوە چووە، بڕیاریان داوە سندووقی قەرزولحەسنە دابمەزرێنن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، بنکەکانی بەسیج لە دێهاتەکانی کوردستاندا خەریکی وەڕێخستنی سندووقی قەرزولحەسەنە بۆ دانی وامی بانکی کەم بەهرەیە، کە لەو ڕێگایەوە دەیەوێ خەڵک بکات بە بەسیج و دواتر ئەو کەسانەی کەو وامیان لەو شوێنە وەرگرت داوای هاوکاریی دیکەیان لێ بکات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کرد، پیامەک بۆ شۆرا و دێهیارەکانی گوندەکانی شاروێران بەڕێ کراوە، کە خەڵک لە دانانی ئەو سندووقە ئاگادار بکەنەوە و بۆ وەڕێخستنی ئەو سەندووقە هاوکاریی بکەن.

هاوکات جیا لە ناردنی پیامەک بۆ شۆرا و دێهیارەکان، کۆبوونەوەیەکی حوزوریشیان بۆ چۆنیەتیی کارکردنی ئەو سندووقە و چۆنیەتیی هاوکاریکردنی خەڵک لەو سندووقانەدا بۆ وەڕێ خستوون.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هەروەها وتیشی بەشێک لە پارەی ئەو سندووقە لە لایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دابین دەکرێت و باقییەکەشی دەبێت لە گیرفانی خەڵک دابین بکرێت کە دواتر بە شێوەی وام بە خەڵک دەدرێت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کرد، رێژیمی تاڵانکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک توانایی ماڵیی خەڵک هەڵدەسەنگێنێ و هەر بە ماڵی خەڵک خۆ بەڕێوە دەبات و هەر بەو شێوەیەک دەیەوێ بەرنامە و ئامانجە ڕەش و نگریسەکانی دیکەشی بەرەوپێش ببات.