کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵانکردنی سامانەکانی کوردستان لەلایەن مۆرەکانی ڕێژیمەوە بەردەوامە

12:34 - 9 بانەمەڕ 2720

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکان و کەسانی هەلپەرستەوە لە کوردستان بەردەوام خەریکی بەتاڵانبردنی سامانەکانی کوردستان وەک کانزاکانە و لەم پێناوەشدا لە هەر ڕێگایەکەوە هەوڵ بۆ ئەو کارە دەدات.

لە گوندی "ئاڵبڵاغ"، سەر بە ناوچەی "شاروێرانـ"ـی مەهاباد، کەسێک بە ناوی "ی.ق"، ماوەی چەند ساڵێکە کانگای "بەردی سیلیس دێلۆمێتـ"ـی ئەو گوندەی کڕیوەتەوە و لەلایەن ڕێژیمەوە جگە لەو بەشەی کە ڕێگەی پێدراوە، دەست لە باخ و مڵکی خەڵکیش وەر دەدات.

ئەو کەسە بە پشت گەرمیی ڕێژیمەوە بە شێوازی جۆراوجۆر هەڕەشە لە خەڵکی ئەو گوندە دەکات وهەموو ساڵێک بە بێ پرسکردن بە خەڵکی گوندەکە، بەشێکی بەرچاو لە لێڕەوار و لەوەڕگەکانی دەور و پشتی گوندی "ئاڵبڵاغ" کە تەنیا ١٠٠میتر لە گوندەکەوە دوورە بە تەقینەوە و دەزگا تێک دەدات.

ئەو تەقینەوانە بۆ هەڵکۆڵینی کانزاکە هەموو جارێک ترسێکی زۆر لەلای خەڵک بەتایبەت ئەو کەسانە درووست کردووە کە منداڵن یان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و هەروەها، خەساری زۆری بە خانووبەرە کۆنەکان و مەڕ و ماڵاتی ئەو گوندە گەیاندووە.

"ی.ق"، دەستێکی باڵای لە فەرمانداری و بەخشداریی شاری مەهاباددا هەیە و بە هاوکاریی "جەلال مەحموودزادە" نوێنەری ڕێژیم کارئاسانی بۆ دەکرێت کە بەردی کانزاکان دەربێنێت.

ئەو دەستوپێوەندییەی ڕێژیم بە پشتیوانیی ڕێژیم هەڕەشە لە خەڵکی ئەو گوندە دەکات و درێژە بە کارەکانی خۆی دەدات.