کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵاوی "هشیلان" لە پارێزگای کرماشان بە تەواوی وشک بووە

18:54 - 5 گەلاوێژ 2722

"محەممەد حوسێن فەلاحەتی" سەرۆکی ئیدارەی بەناو پاراستنی ژینگەی ڕێژیم لە شاری کرماشان،  باسی لەوە کردووە کە تاڵاوی "هشیلان" بە تەواوی وشک بووە و لە ئێستادا بە تانکەر خەریکە ئاوی بۆ دەچێت.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم هەروەها وتوویەتی کە لەو ساڵانەدا وشکەساڵییەکان کاریگەریی سەرەکییان لەسەر وشکبوونی ئەو تاڵاوە هەبووە و لە ئێستادا نەک تاڵاوەکە بەڵکوو سەرچاوەی ئاوی تاڵاوەکەش خەریکە بەرەو وشکبوون دەچێت.

تەنیا ڕێگاچارەیەک کە لایەنی پەیوەندیداری ڕێژیم ویستوویانە بیگرنە بەر ئەوە بووە کە بنی تاڵاوەکە بە نایلۆن بگرن و بەو شێوەیە ڕێگا لە ڕۆچوونی ئاوەکە بۆ ناو زەوی بگرن تا شوێنی ژیانێک بۆ بوونەوەرە ئاوییەکان دروست ببێت، ئەوە زیاتر لەوەی کە وەکوو چارەسەر ببینرێت زیاتر جێگای پێکەنینە لەبەر ئەوەی کە بوونەوەرە ئاوییەکان لە نایلۆندا ناتوانن بژین.

بڕیار وابوو کە  لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم بۆ ڕێگری لە وشکبوونی تاڵاوەکە لە بەنداوی "گاوشانـ"ـەوە ئاو بۆ ئەو تاڵاوە بگوازنەوە کە بە هۆکاری جۆراوجۆر ئەوەش جێبەجێ نەبوو.

تاڵاوی "هشیلان" ئەوە بۆ جاری سێهەمە کە وشک دەبێت و پێشتریش لە ساڵەکانی ١٣٧٨ و ١٣٩٤ ئەو تاڵاوە بە تەواوی وشک ببوو و یەک جاریش ئاگر لە دەوروبەری تاڵاو بەربووە.