کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵبان باڵێکی نوێی بە ناوی "کاروانی عوبەیدە" بۆ تێرۆر داناوە

17:41 - 10 بەفرانبار 2720

گرووپی تێرۆریستیی تاڵبان باڵێکی نوێی پێک هێناوە کە ئەرکیان تێرۆری هەواڵنێران، چالاکانی مەدەنی، کەسایەتییە ناسراوە سیاسییەکان و فەرمانبەرانی دەوڵەتییە و ناوی لێ ناوە "کاروانی عوبەیدە".

"ئەحمەد زیا سەراج" سەرۆکی ئەمنییەتی میللیی ئەفغانستان لە دانیشتنێکی مەجلیسی نوێنەرانی ئەفغانستاندا کە ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانبار بۆ وڵامدانەوە سەبارەت بە دۆخی ئەمنییەتیی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو، باسی لە هەوڵە نوێیەکانی تاڵبان بۆ تێرۆر و کوشتن کردووە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە تاڵبان لە پارێزگای "لۆگر" کە دەکەوێتە لای شاری "کابۆل"، لقێکی تازەی بە ناوی "کاروانی عوبەیدە" پێک هێناوە کە ئەرکیان تێرۆری هەواڵنێران، چالاکانی مەدەنی، کەسایەتییە ناسراوە سیاسییەکان و فەرمانبەرانی دەوڵەتییە.

بە وتەی ناوبراو "کاروانی عوبەیدە" زۆرترین تێرۆرەکانی ئەنجام داوە و ڕێژەیەکی زۆر بۆمبی مێغناتیسیی داناوەتەوە.

بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئەفغانستان لەو باوەڕەدان کە تاڵبان مەیلێکی بە گەیشتن بە ئەنجام لە ڕێگای دانوستاندن و ئاشتییەوە نییە و بوونیان لە دانوستاندنەکاندا تەنیا بۆ کات کڕینە.

تاڵبان زیاتر لە ڕابردوو بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن لە ڕێگای شەڕەوە دڵنیا بووەتەوە، ئەوان بەو باوەڕە گەیشتوون کە چوونەدەرەوەی سەرجەم هێزە ئامریکاییەکان و ناتۆ لە ئەفغانستان، ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز دەکات.