کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵبان زیاتر لە ١٠٠ پۆلیس و هێزی ئەمنییەتیی دەوڵەتی پێشووی ئەفغانستانی کوشتووە یان بێسەروشوێنی کردوون

12:21 - 10 سەرماوەز 2721

چاوەدێری مافی مرۆڤ بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیەند کە گرووپی تاڵبان تەنیا لە ٤ ویلایەتی ئەفغانستان زیاتر لە ١٠٠ پۆلیس و هێزی ئەمنییەتیی دەوڵەتی پێشووی ئەفغانستانی کوشتووە یان بێسەروشوێنی کردوون.

لەو ڕاپۆرتە ٢٥ لاپەڕەییەدا کە لە ماڵپەڕی چاودێری مافی مرۆڤ بڵاو بووەتەوە، هاتووە کە گرووپی تاڵبان لەو کاتەوە کە دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتووە، سەرەڕای ئەوەیکە لێبووردنی گشتیی ڕاگەیاندووە، بەرپرسانی ئەمنییەتی و نیزامیی پیشووی کوشتووە یان بێسەروشوێنی کردوون.

ژمارەی کەسانی بێسەروشوێنکراو یان کوژراو لە ویلایەتەکانی ''غەزنی، هەلمەند، قەندەهار و کندۆز''ی ئەفغانستان زیاتر لە ١٠٠ کەسە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ڕێبەرانی تاڵبان پێشتر داوایان لە هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی پێشوو کردبوو کە بە ناونووسی و وەرگرتنی نامە، ئەمنییەتی خۆیان گەرەنتی بکەن، بەڵام دواتر هێزەکانی تاڵبان لە ماوەی چەند ڕۆژدا ئەو کەسانەی بێسەروشوێن یان ئێعدام کردووە.