کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ترامپ" بڕیارنامەی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی بۆ هەڵگیرسانی شەڕ لە دژی ئێران، ڕەت کردەوە

13:24 - 18 بانەمەڕ 2720

''دانڵد ترامپ'' بڕیارنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی ئامریکای بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی لەهەمبەرهەڵگیرسانی شەڕ لە دژی ئێران ڕەت کردەوە؛ سەرکۆماری ئامریکا ئەم بڕیارنامەیەی بە سووکایەتی پێکردن ناو لێ بردووە.

''دانڵد ترامپ''، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بانەمەڕ، ئەو بڕیارنامەیەی کە لەلایەن کۆنگرەی ئامریکاوە بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی لەهەمبەرهەڵگیرسانی شەڕ لە دژی ئێران پەسەند کرابوو، ڕەت کردەوە.

ناوبراو وتوویەتی: ''ئەم بڕیارنامەیە سووکایەتی پێکردن بوو کە لەلایەن دێموکراتەکان وەکوو بەشێک لە ستراتیژییەکانیان بوو بۆ ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نوامبر سەرکەون و دووبەرەکیش بخەنە نێو کۆماریخوازەکان".

بە وتەی سەرکۆماری ئامریکا، چەند کۆماریخوازێک کە بەم بڕیارنامەیە دەنگی ئەرێنییان داوە، بوونەتە گەمەجاڕی دێموکراتەکان.

"ترامپ" باسی لەوە کردووە کە کۆنگرەی ئامریکا نەدەبا ئەو بڕیارنامەیەیان پەسەند کردبا، بڕیارنامەی ''ئێس جی ٦٨'' لە ڕووی نائاگایی لە ڕاستییەکانەوە دەر کراوە.

بڕیارنامەی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرکۆماری ئامریکا بەنیسبەت هەڵگیرسانی شەڕ لە دژی ئێران، سەرەتا لە مەجلیسی نوێنەران و دواتر بە زۆرینەی دەنگ لە مەجلیسی سێنا پەسەند کرابوو.

 کۆنگرەی ئامریکا بۆ ڕەتکردنەوەی ڤێتۆی ترامپ پێویستی بە ٢ لەسەر٣ی دەنگەکان هەیە.