کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ بڕیاری ئیجرایی "دۆخی نائاسایی لەبەرامبەر ئێرانی" واژۆ کردەوە

11:19 - 18 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بۆ جارێکی تر بڕیاری ئیجرایی "دۆخی نائاسایی لەبەرامبەر ئێران" لەلایەن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە واژۆ کرایەوە.

دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر بۆ جارێکی تر بڕیاری ئاماژەبۆکراوی واژۆ کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: پێوەندییەکانی ئامریکا لەگەڵ ئێران هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە و ڕەوتی ئیجراکردنی ڕێککەوتننامەی ١٩ی ژانویە هەر بەردەوامە.

مەبەست لە ڕێککەوتننامەی ١٩ی ژانویە ڕێککەوتننامەی ئەلجەزایێرە کە لە ١٩ی ژانویەی ١٩٨١ بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی بەبارمتەگرتنی کارمەندانی باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران واژۆ کرا و بەهۆیەوە کارمەندە بەبارمتەگیراوەکانی دەستی کۆماری ئیسلامی پاش ٤٤٤ ڕۆژ ئازاد کران.

کۆشکی سپی لەمبارەوە پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە: بەهۆی واژۆکردنەوەی ئەم بڕیارنامە پێویستە بڕیاری دۆخی نائاسایی کە یەکەم جار لە رێکەوتی ١٤ی نۆوامبری ١٩٧٩ دەرکرا، بێ دەسکاری لە دوای ١٤ی نۆوامبری ٢٠١٨ش ڕەچاو بکرێت.

دووبارەواژۆکردنی بڕیاری دۆخی نائاسایی لە بەرامبەر ئێراندا هاوکاتە لەگەڵ واژۆکردنی بڕیاری دەسپێکردنەوەی خولی دووهەمی تەحریمەکانی واشەنگتۆن دژ بە کۆماری ئیسلامی کە لە ١٤ی خەزەڵوەردا دەرکرا.