کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ بۆ هێرشی نیزامی بۆ سەر ڕێژیمی ئیران، پێویستی بە مۆڵەتی کۆنگرە نییە

13:22 - 8 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەپێی بڕیاری سێنای ئامریکا، سەرکۆماری ئەو وڵاتە، بۆ هێرشی نیزامی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، پێویستی بە مۆڵەتی کۆنگرە نییە.

ڕۆژی هەینی، ٧ی پووشپەڕ، مەجلیسی سێنای ئامریکا لە دانیشتنێکی تایبەتدا، گەڵاڵەی دێموکراتەکانی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی دەوڵەت بۆ کەڵک وەرگرتن لە هێزەکانی نیزامی، بێ مۆڵەتی کۆنگرەی، ڕەت کردەوە.

بۆ پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیە، پێویست بوو ٦٠ سێناتۆر لە کۆی ١٠٠ سێناتور، دەنگی پێبدەن کە لە ئاکامدا زیاتر لە ٤٠ سێناتۆر بە گەڵاڵەی دێموکراتەکان دەنگی نەرێنییان دا. 

بەپێی ئەو دەنگدانە لە مەجلیسی سێنای ئامریکادا، دەستی دانڵد ترامپ بۆ هەر چەشنە هەوڵێکی نیزامی دژی ئێران بەبێ مۆڵەتی کۆنگرە، کرایەوە.

سەرەتای مانگی جۆزەدان، گرووپێک لە سێناتۆرە دێموکراتەکانی ئامریکا، گەڵاڵەیەکیان بە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی سێنا پیشنیار دابوو کە بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، دەوڵەتی ئامریکا ئیزنی پێنەدەدرا بەبێ مۆڵەتی کۆنگرە، لە سەرچاوە ماڵییەکانی دەوڵەت بۆ شەڕ دژی ڕێژیمی ئێران کەڵک وەربگرێت، بەڵام ئەم گەڵالەیە بە ١٣ دەنگی نەرێنی، لە بەرامبەر ٩ دەنگی ئەرێنی، ڕەت کرایەوە.