کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: بۆ چرکەیەکیش چاو لەسەر ئێران هەڵناگرین

12:46 - 17 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە سێهەمین ئاخاوتنی ساڵانەی خۆیدا لە کۆنگرە، وێڕای داکۆکی کردن لە دەسکەوتەکانی لە بواری سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکی، جارێکی تر کۆماری ئیسلامی بە گەورەترین پاڵپشتی تێرۆریزم لە جیهاندا ناوزەد کرد و ڕایگەیاند کە بۆ چرکەیەکیش چاومان لە ئاست ئێران نانووقێنین.

هەواڵدەری ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد: ڕۆژی سێشەممە دانڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە سێهەمین گوتاربێژی ساڵانەی خۆی لە کۆنگرەی ئەم وڵاتە، وێڕای ئاماژەکردن بە دەسکەوتە ئابوورییەکانی دەوڵەتەکەی لەوانەش کەم‌کردنەوەی نرخی بێکاری، باسی لە سیاسەتە دەرەکییەکانی کرد و بە داکۆکی کردن لێیان هەندێک لە بەرنامەکانی داهاتووی خۆی خستە بەرباس.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر ئەو سەرۆک نەبوایەت ئێستە ئامریکا لەگەڵ کۆرەی باکوور کەوتبووە نێو شەڕێکی هەمەلایەنە؛ وتوویشیەتی: کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی ڕادیکاڵە و پشتیوانی یەکەمی تێرۆریزمە لە جیهاندا!

بەوتەی ناوبراو ڕێژیمێک کە درووشمی مەرگ بۆ ئامریکا بدات و هەڕەشەی لەنێوبردن لە گەلی یەهوود بکات، مەترسیدارە و ئامریکا چاوی لەسەریەتی؛ هەروەها ڕایگەیاندووە: بۆ ئەوەیکە دڵنیا بین ئەم دیکتاتۆرییە گەندەڵە هیچ کات دەستی بە چەکی ناوکی ڕاناگات، من ئامریکام لە ڕێککەوتنی ناوکی کێشایە دەرەوە.

چەند ڕۆژ پیش ئێستاش دانڵد ترامپ ڕایگەیاندبوو: یەکێک لەو هۆکارانەی کە هێزە سەربازییەکانمان لە عێراق ناکشێنینەوە ئەوەیە کە دەمانهەوێ لە نیزیکەوە چاودێری ئێران بکەین چوونکە ئەم وڵاتە بەڕاستی کێشەیەکی گەورەیە.

ترامپ لەم دانیشتنەدا سەبارەت بە کۆمەڵێک پرسی گرینگی وەک ئیسرائیل، ڕووسیە، ئەفغانستان، کەنداو، کۆرەی باکوور، سووریە، ڤێنزۆئێلا، ڕۆژهەڵاتی ناڤین و پرسە نێوخۆییەکانی وڵاتەکەی قسەی کردووە.