کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: داڕمانی ئابووریی ئێران درێژەی دەبێت

12:37 - 31 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: "دانڵد ترامپ"، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاند کە تاکوو کاتی ئامادەبوونی ڕێژیمی ئێران بۆ دانوستاندن، داڕمانی ئابووریی ئەو ڕێژیمە درێژەی دەبێت.

ڕۆژی دووشەممە، ۳۰ی بانەمەڕ، دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا، لە دوو تویتی جیاواز و لە تویتێکدا بڵاوی کردەوە: "ئامانجی ئێمە دانوستاندن لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە، بەڵام داڕمانی ئابووریی ڕێژیمی ئێران درێژەی دەبێت، هەتا ئەو کاتەی کە ڕێژیم ئامادەی وتووێژ دەبێت و پەیوەندی بە ئێمەوە دەکات."

سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، وێڕای ئاماژەدان بە گوشارە ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، لە تویتێکدا نووسیویەتی: "تاکوو ئەو کاتەی کە ڕێژیمی ئێران بۆ دانوستاندن و وتووێژ ئامادە دەبێت، داڕمانی ئابووری ڕێژیمی ئێران درێژەی دەبێت کە ئەم بابەتەش بۆ خەڵکی وڵاتی ئێران جێگای داخە. هەر کات ڕێژیمی ئێران ئامادەی وتووێژ و دانوستاندن بوو، با پەیوەندی بە ئێمەوە بکات".

ناوبراو، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو هەواڵانەی کە باس لە وتووێژی نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێران دەکەن، لە تویتێکی تردا نووسویەتی: "ڕاگەیاندنە ساختەکان، بە ئەنقەست هەواڵگەلێکی درۆ و بێبنەما لە سەر زەمینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ وتووێژ و دانوستاندن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بڵاو دەکەنەوە، کە هەمووی درۆیە. ئەم هەواڵانە هەموویان هەڵە و بێبنەمان."

لەم پەیوەندییەدا، "محەمەد جەواد زەریف"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، کەمێک پاش تویتەکانی سەرۆکی ئامریکا، لە وڵامی دانڵد ترامپدا، لە لاپەڕەی تویتێری خۆی ڕایگەیاندووە: "تێرۆری ئابووری و لاتاویی خۆکوژییانە ناتوانن کۆتایی بە ڕێژیمی ئێران بهێنن."

جەواد زەریف، لە تویتێکی چەواشەکارانەدا له وڵامی توتیتەکەی دانڵد ترامپدا نووسیوویەتی: "دانڵد ترامپ، بە ڕاوێژکاریی تیمی جان بۆڵتۆن، هیواخوازە ئەو ئامانجانە بپێکێت کە ئەسکەندەری مەقدوونی و چەنگیزخانی مۆغۆل و زاڵمەکانی تر نەیانتوانی. ئێرانییەکان هەزار ساڵە ماونەتەوە، لە کاتێکدا هەموو زاڵمەکان لەنێو چوون، بۆیە تێرۆری ئابووری و لاتاویی خۆکوژییانە ناتوانن کۆتایی بە ئێران بهێنن. هەرگیز ئێرانییەکان مەترسێنە و ڕێز بگرە، بۆ ئەوەی کە بگەیتە ئەنجام".

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ۲۹ی بانەمەڕ، دانڵد ترامپ، کەمێک پاش هێرشە تێرۆریستییەکانی سەر باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە پایتەختی وڵاتی عێراقدا، لە تویتێکدا لە لاپەڕەی فەرمیی تویتێری خۆی، هەڕەشەی لە زیادەڕەوییەکانی ڕێژیمی ئێران و هێرشی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لە عێراق بۆ سەر باڵۆێزخانەی ئامریکا لە ناوچەی سەوزی بەغداد کرد و نووسیبووی: "ئەگەر ڕێژیمی ئێران بیهەوێت شەڕ بکات، بە دڵنیاییەوە بە فەرمی کۆتایی ڕێژیمەکەیان دەبێت. هیچکات هەڕەشە لە ئامریکا مەکەن".