کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ لەسەر وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران جەختی کردەوە

13:46 - 5 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: دانیشتنی شۆرای ئەمنییەت لە واشنگتۆن، لەسەر پێشگرتن بە سەرەڕۆیی و چالاکییە نائاسایییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەر، لە شاری واشنگتۆن، شۆرای ئەمنییەت دانیشتنێکی لەسەر "پێشگرتن لە پەرەسەندنی چەکە ناوکییەکان" پێک هێنا و لەو دانیشتنەدا چالاکییە نائاسایییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران باس و تاوتوێ کرا.

ئەم دانیشتنە بە سەرۆکایەتیی دانڵد ترامپ و بە بەشداریی ڕێبەرانی وڵاتە ئورووپایییەکان و هەروەها وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیە و چین بەڕێوە چوو.

لەم دانیشتنە کە لەژێر ناوی "پێشگرتن لە پەرەسەندنی چەکە ناوکییەکان" بەڕێوە چوو، ترامپ کە پێشتر لە تویتێکدا ئاماژەی پێ کردبوو، باسەکەی زیاتر بە ڕێژیمی ئێران تەرخان کرد و لەمەڕ وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوە ئابورییەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران پێداگری جیدی کردەوە.

دانڵد ترامپ لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و قەدەغەکردنی چەکە کۆمەڵکوژەکان وەکوو ئامانجی ئەم دانیشتنە ناو برد، بەڵام لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران بە پەرەپێدانی بە ترس و بشێوی، دەیەوێت بە شیوەی نهێنی لە چەکە ناوکییەکان کەڵک وەربگرێت و بۆ سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەناردەیان بکات.

باسکردن لە ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنی شۆرای ئەمنییەت لە حاڵێکدا بووە، کە پێشتر ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئێران، باسیان لەوە کردبوو. کە لەم دانیشتنەدا باسی ئێران ناکرێت.