کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ هۆشداری بە بەشارئەسەد، ڕووسیە و ئێران دا

13:21 - 13 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: دانڵد ترامپ، لە پێوەندی لەگەڵ هێرش بۆ سەر شاری ئەدلەب، هۆشداری بە ڕێژیمی سووریە، ئێران و ڕووسیە دا.

دانڵد ترامپ لە تویتێکدا نووسیویەتی: "سەرکۆمار بەشار ئەسەد نابێت سەرەڕۆییانە هێرش بکاتە سەر پارێزگای ئەدلەب، ڕووس و ئێرانییەکانیش هەڵەیەکی زۆر گەورەیان کردووە، چونکە لەم تراژیدییە بەهێزەی مرۆڤایەتی بەشدار دەبن. لەوانەیە بە سەدان هەزار بکوژرێن، ئیزن مەدەن ئەم ڕووداوە ڕوو بدات".

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، هێزەکانی دەوڵەتی ڕێژیمی سووریە خەریکی ئامادەکارین بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی نیزامی لە ناوچەی ئەدلەب.

محەممەدجەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ١٢ی خەرمانان، لە  سەفەرێکیدا بۆ سووریە ڕایگەیاند، کە دەیانەوێت ئەدلەب لە تێرۆریستەکان پاکتاو  بکەن و ڕێژیمی ئێرانیش پشتیوانی لەم کارە دەکات.

پێشتر ئامریکا، فەڕانسە و بریتانیا هۆشدارییان بە دەوڵەتی سووریە دابوو، کە ئەگەر لە عەمەڵیاتە نیزامییەکانی لە پارێزگای ئەدلەبدا چەکی شیمیایی بەکار بهێنێت، لەگەڵ کاردانەوەی ئەوان ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

سێ میلیۆن کەس لە پارێزگای ئەدلەبدا دەژین، کە ١\٤ میلیۆنیان ئەو ئاوارانەن، کە لە شوێنەکانی دیکەی سووریە ئاوارە بوون. ناوەندە یارمەتیدەرەکان بە لەبەرچاوگرتنی بوونی ڕێژەیەکی زۆری خەڵکی مەدەنی لەم پارێزگایە هۆشداری لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی دەدەن.