کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران دا

15:40 - 23 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە تویتێکدا، بەنیسبەت کوژرانی خۆپیشاندەرانەوە، هۆشداریی بە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دا.

"ترامپ"، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، شەوی یەکشەممە، ٢٢ی بەفرانبار، لە تویتێکدا بەنیسبەت سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، هۆشداریی بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دا.

ناوبراو لە تویتەکەیدا نووسیبووی: "ڕاوێژکاری تەناهیی نەتەوەیی،  ئەوڕۆ ئاماژەی بەوە کرد کە گەمارۆکان و خۆپیشاندانەکان، گوشارێکی زۆری بۆ ئێران هێناوە و ئەوانی ناچار بە دانوستاندن کردووە. هیچ بۆم گرینگ نییە کە ئایا دانوستاندن دەکەن یان نە. لە ڕاستیدا ئەوە بە تەواوەتی لە ئەستۆی خۆیانە، بەڵام چەکی ناوکییان نەبێت و خۆپیشاندەران نەکوژن".

لە ئێستادا گیانی خۆپیشاندەرانی ئێرانی، هێڵی سووری نوێی سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکایە و تا ئیستا لە چەند تویتی فارسیدا هۆشداریی بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران داوە.

"عەباس مووسەوی"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کاروباری ڕێژیمی ئێران لە تویتێكدا لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا نووسیویەتی: "ئامریکا كە بەردەوام ھەڕەشە و گەمارۆ و تێرۆری دژ بە ئێران بەكارھێناوە، بۆی نییە زمانی فارسی بەكار بھێنێت".