کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: وڵاتی ئێران خەریکە مایەپووچ دەبێت

12:37 - 17 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وڵاتی ئێران، بە هۆی کردەوە ئاژاوەگێرانەکانی ڕێژیمێک کە دەستی بەسەر ئەو وڵاتەدا گرتووە، لە نێو هەژاری و مایەپووچبووندا دەست و پێ لێ دەدات.

دانڵد ترامپ، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی جۆزەردان، لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی شەڕی "نێرماندی"، لە تەنیشت ئەمانۆئێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەڕانسە، وتوویەتی: لە سەرەتای خولی سەرکۆماریی ئەودا "ئێران وڵاتێکی بەتەواوەتیی تێرۆریست بوو و لە زۆربەی ئاژاوەگێڕییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستی هەبوو، بەڵام ئێستە وڵاتێکی هەژارە و بەرەو مایەپووچبوون دەڕوات و من ئەم شتەم ناوێت".  

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێدەچێت بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەیانەوێت وتووێژ و دانوستان بکەن، ئێمەش وتووێژ دەکەین، بەڵام شتێک کە نابێت بیانبێت چەکی ناوکییە.

لەم ڕێوڕەسمەدا ترامپ و ئەمانۆئێل ماکرۆن ڕایانگەیاندووە: ئامریکا و فەڕانسە لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە و پێکەوە هاوڕان.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە بڕیاری ترامپ لە ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧دا، لە ڕێککەوتتنامەی بەرجام کشایەوە، کە بەم بۆنەوە پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران و ئامریکا خراپتر بوون.

لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، ئامریکا گەمارۆوەکانی بۆ سەر ئەم ڕێژیمە گەڕاندەوە و لە پەیمانی "مەوەدەت" لەگەڵ ئێران چووە دەرەوە و هەروەها سپای پاسدارانی لە لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکانی خست، کە هەموو ئەم کارانە سەرەڕای نامودیرییەتی و نەزانیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی وڵات، گوشارێکی زۆری بۆ سەر ڕێژیم دروست کردووە.

وڵاتی ئێران کە یەکێک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان لە بواری سەرچاوە سروشتییەکان بەتایبەت نەوت و گازە، بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا ئاستی هەناردەکردنی نەوتی گەیشتووەتە نیو میلیۆن بەرمیل، لە حاڵێکدا پێشتر ئەم ڕێژەیە ٢/٥ میلیۆن بەرمیل بووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە سەرچاوەی هەموو کێشە و گرفتە نێوخۆیییەکانی ئێران و ناوچەکەن، بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسایەتی و هەوڵی زیاتر بۆ مانەوەی حکوومەتەکەیان، هەموو کێشەکان لە ئەستۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا دەخەن، لە حاڵێکدا پێش گەمارۆوەکانی ئامریکا سەرەڕای پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، خەڵکی ئێران لە باری ئابووری و بژیوی ژیانیشیان لە ئاستێکی زۆر نزم و دۆخێکی خراپدا بوون.