کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ڕووسیە، سووریە و ئێران کۆتایی بە کوشتنی خەڵکی بێتاوان بهێنن

12:34 - 13 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، داوای لە ڕێژیمەکانی ڕووسیە، سووریە و ئێران کردووە، کە کۆتایی بە کوشتنی خەڵکی بێتاوان لە ئەدلب بهێنن.

ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی جۆزەردان، "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە تویتێکدا لە تویتری کەسیی خۆیدا، داوای لە ڕێژیمەکانی ڕووسیە، سووریە وئێران کردووە، کە کۆتایی بە کوشتار و هێرش بۆ سەر خەڵکی بێتاوانی "ئەدلب" بهێنن.

ناوبراو لەو تویتەدا نووسیویەتی: "ڕووسیە، سووریە و تا ئاستێکیش ڕێژیمی ئێران، خەریکی بۆردمانکردنی خەڵکی بێتاوانی ئەدلب لە سووریەدان و جیهان بینەری ئەو مرۆڤکوژییەیە. ئەو کردەوەیە بۆ چ ئامانجێک؟ چ شتێکتان پێ دەدات؟ ڕایگرن".

ڕێکخراوی کڵاو سپییەکان، چەند ڕۆژ پیش ئێستا، بە نیسبەت کارەساتە مرۆڤایەتییەکانی لە ماوەی هەشت ساڵ شەڕی سووریەدا هۆشداری دابوو.

هەروەها چەند گرووپ و ڕێکخراوێکی دژبەری سووریە، باسیان لەوە کردووە، کە سووریە و ئێران بەئەنقەست ژێرخانەکانی ژیانی ئەو وڵاتەی وەک نەخۆشخانەکان وێران دەکەن.

لە کۆتایییەکانی مانگی ئاوریلەوە تاکوو ئێستا، ئەرتەشی سووریە بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی ڕووسیە، بۆردمانی ئەدلبی دەست پێ کردووەتەوە.

دەوڵەتی "بەشار ئەسەد"، لەسەر ئەو ئیدعایە پێداگری دەکات، کە بە شوێن سەرکوتی تەواوی هێزە دژبەرەکانی لەو ناوچەیەدایە.