کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ڕێژیمی ئێران ئامادە نییە، ئێمەیش ئامادە نین

08:49 - 24 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا لە بەرامبەر قسەکانی خامنەیی سەبارەت بە دانوستان، هەڵوێستی پیشان دا و ڕایگەیاند کە ئەوان ئامادە نین، ئێمەیش هەروەها ئامادە نین.

"ترامپ"، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە هەڵوێستێکی تویتێریدا، نزیکبوون بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی جۆزەردان، "ترامپ" بە ئاماژەدان بە سەفەری ئەم دواییانەی سەرۆک‌ وەزیرانی ژاپۆن بۆ تاران و دانیشتن لەگەڵ خامنەییدا، لە تویتێری خۆیدا نووسی: "وێڕای ئەوەی کە دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن دەکەم کە بۆ ئێران سەفەری کرد، بەڵام من وا هەست دەکەم کە تەنانەت بیرکردنەوە لە ڕێککەوتن زۆر زووە و ڕێژیمی ئێران ئامادە نییە و ئێمەیش ئامادە نین."

"خامنەیی" ڕۆژی پێنجشەممە، لە دیدار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، هەر جۆرە دانوستان لەگەڵ ئامریکای ڕەت کردەوە.

ئامریکا لە یەک ساڵی ڕابردووەوە، گوشاری بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ، دەست پێ کردەوە. دەوڵەتی "ترامپ" لەمبارەوە دەڵێت کە چاوەڕوانە ئێران وەکوو وڵاتێکی ئاسایی هەڵسوکەوت بکات و لە پشتیوانیکردنی تێرۆریزم دەست هەڵبگرێت و بەرنامەی مووشەکیی خۆی ڕابگرێت.

"ترامپ"، دوو حەوتوو پێش ئێستا، پێشنیاری دانوستانی بێمەرجی لەگەڵ ئێران هێنایە گۆڕێ.

هەڵوێستی "ترامپ" هاوکات بوو لەگەڵ پرێس کۆنفڕانسی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا کە وتبووی: "ڕێژیمی ئێران لە ڕووداوی هێرشی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی جۆزەردان، بۆ سەر دوو نەوتکێش لە دەریای "عۆمانـ"دا، بەرپرسیارە."