کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ڕێژیمی ئێران حکوومەتێکی بێدەسەڵاتە

16:09 - 10 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە، کە ڕێژیمی ئێران حکوومەتێکی بێدەسەڵاتە و هەوڵ بۆ مامەڵەکردن دەدات.

ڕۆژی پێنجشەممە، ۹ی جۆزەردان، دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕایگەیاند: ڕێژیمی بووەتە حکوومەتێکی بێدەسەڵات و لە هەوڵی مامەڵەکردندایە، ئەو ڕێژیمە هەوڵی ئەوە دەدات کە لەگەڵ ئامریکادا مامەڵە بکات، هەروەها وتی: "ئەگەر ئێران بیەوێت وتووێژ بکات، من حازرم بۆ وتووێژ".

قسەکانی دانڵد ترامپ لە کاتێکدایە، کە بەرپرسیانی باڵای ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت خودی خامنەیی ڕێبەری ئەو ڕێژیمه، وتووێژ و دانوستاندنیان لەگەڵ ئامریکا ڕەت کردووەتەوە و ڕۆژێک پێشتر خامنەیی ڕایگەیاندبوو، کە ڕێژیمی ئێران لەسەر کاروباری نامووسیی شۆڕشی ئیسلامی، وتووێژ لەگەڵ خەڵکیدا ناکات، کە مەبەستی ئامریکا بوو.

هاوکات، ڕۆژی پێنجشەممە، ۹ی جۆزەردان، برایان هووک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند: ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەستدرێژی بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لە ناوچەکە، ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هێزی سەربازیی وڵامی ڕێژیمی ئێران دەداتەوە.

برایان هووک، لە بەشێکی قسەکانیدا وتی: "وابزانم پەیامەکەی ئێمە بە ڕێژیمی ئێران نەگەیشتووە و زۆربەی هێرشەکان کە نیگەرانی هاتنەئارای بووین، بۆ سەر بەرژەوەنییەکانمان بوو. بەڵام ڕووی نەداوە، بەو حاڵەشەوە ئێمە تواناییە سەربازییەکانمان لە ناوچەکە جێگیر کردووە و وڵامێکی باشمان داوەتەوە".

جێگای ئاماژەیە، کە ڕێژیمی ئێران چەند جار لە ڕێگای گرووپه تێرۆریستییەکانی خۆیەوە هێرشی کردووەتە سەر باڵوێزخانە و بنکە سەربازییەکانی ئامریکا، جیا لەوەش چەند کردەوەی تێرۆریستی لە ڕێگای گرووپە تێرۆریستییەکانییەوە لە کەنداو بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا ئەنجام داوە، کە بۆ نموونە دەتوانێن ئاماژە بە کردەوە تێرۆریستییەکەی بەندەری فەجیر بکەین.