کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ڕێژیمی ئێران هەر هەوڵێکی دژبەرانە بدات، هەزار ئەوەندە دەبێ نرخ بدات

12:45 - 19 رەزبەر 2720

سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هۆشداریی بە ئێران داوە کە لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر کردەوەیەکدا ئامریکا بە شێوەیەک وڵام دەداتەوە کە چاوەڕوان نەکرابێت.

"دانڵد ترامپ" سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە وتووێژێک لەگەڵ "ڕاش لیمیا" بێژەری بەرنامەیەکی ڕادیۆیی لە ئامریکا ڕایگەیاندووە: "ئەوان دەزانن ئەگەر دژ بە ئێمە هەوڵێک بدەن، هەزار ئەوەندە دەبێ نرخ بدەن".

ترامپ وتوویەتی: "ئەوان هۆشدارییان پێ دراوە. ئەگەر کارێکی خراپ دژ بە ئێمە ئەنجام بدەن، دژ بە ئێوە کارگەلێک دەکەین کە پێشتر هیچکات نەکراوە".

سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە سەردەمی سەرکۆماریی ئەودا ڕێژیمی ئێران کەرەستەکانی پێویست بۆ پشتیوانی لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی لەدەست داوە.

ناوبراو ئەوەشی وتووە: "ئەوان ئیتر دەوڵەمەند نین و ئیتر سەدان ملیۆن دۆلار بە حەماس و سەرجەم گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکە کە ئەو هەموو کێشەیەیان بەدی هێناوە نادەن".