کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ ڕەخنەی لە ڕاپۆرتی دەزگاکانی زانیاری وڵاتەکەی گرت

12:34 - 11 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی ئامریکا لە کۆمەڵێک تویتدا ڕەخنەی لە هەڵسەنگاندنەکانی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی وڵاتەکەی سەبارەت بە دۆخی ئێران، کۆرەی باکور، ئەفغانستان و عێراق گرت و لەهەمبەر ڕاپۆرتەکەی ئێران وتوویەتی: واوێدەچێ دەزگاکانی ئێمە سەبارەت بە مەترسییەکانی ڕێژیمی تاران زۆر ساویلکە و نەزانن.

دانڵد ترامپ لە تویتێکدا سەبارەت بە ڕاپۆرتی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ئامریکا لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتوویەتی: "ئەوان هەڵە دەکەن! زانیارییەکانیان لەسەر ئێران کەم و لاوازە، کاتێک کە من بوومە سەرۆکی ئامریکا ئێران لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا و زیاتر لەویش تەڕاتێنی دەکرد بەڵام من بە هاتنەدەر لە بەرجام کۆتاییم هێنا بەو ڕەوتە، ئێستە ئەوان وەک جاران نەماون".

ناوبراو لە تویتێکی دیکەدا وتوویەتی: "ئێران" لە ناخی خۆیدا سەرچاوی هەڕەشە و بشێوییە؛ ئەوان سەرقاڵی تاقیکردنەوەی ڕاکێتن و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر مەترسیدار دەبنەوە. ئابوورییەکەیان لە حاڵی داڕماندایە و ئەمەش تەنیا ڕێگەیەکە بۆ ڕێگری کردن لێیان؛ ئاگاتان لە ئێران بێت، ڕەنگە پێرسۆنێلی ئیتلاعاتی ئێمە پێویستییان بە چوونەوە بۆ قوتابخانە هەبێ!

کۆمەڵگای هەواڵگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە ۱۶ ناوەندی ئەمنییەتی و دەزگای زانیاری و هەواڵگریی پێکهاتوون، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیاندا بۆ کۆنگرێس سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی ئێران ڕایانگەیاندووە، ئێران بە دوای گەشەدان بە تواناییە ناوکییەکانی نییە بەڵام سەرقاڵی پەرەدان بە بەرنامە مووشەکییەکانیەتی و وێدەچێ لە ساڵی داهاتوودا ئاستی نائارمییەکان لە نێوخۆی ئێراندا زیاتر ببن.