کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: کاربەدەستانی باڵای ڕێژیمی ئێران، تێرۆریستانی ژمارەی یەکی جیهانن

11:21 - 31 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا، کاربەدەستان و بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێرانی بە تێرۆریستانی ژمارەی یەکی جیهان ناو برد.

ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی بانەمەر، سەرکۆماری ئامریکا ڕایگەیاند: "لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا، لە داهاتوودا دەبینین کە چی ڕوو دەدات. هەڵسوکەوتی ئەم ڕێژیمە زۆر دوژمنانە و مەترسیدارە. کاربەدەستانی باڵای ڕێژیمی ئێران، تێرۆریستانی ژمارەی یەکی جیهانن."

ترامپ، درێژەی پێ دا: "تا ئێستا هیچ نیشانەیەکمان نییە کە شتێک ڕووی دابێت. بەڵام ئەگەر ڕوو بدات، ئەم ڕێژیمە لەگەڵ هێزێکی گەورە و وێرانکەر ڕووبەڕوو دەبێتەوە و ئیتر ئێمە چارەیەکمان بۆ نامێنێتەوە."

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، هەڕەشەکانی ئامریکا زۆرتر و توندتر بووەتەوە و بەردەوام قامکیان ڕوو لە ڕێژیمی ئێرانە.

هەروەها ڕێژیمی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە هێزە نیابەتییەکانی خۆی، چەند کردەوەیەکی تێرۆریستیی لە وڵاتانی ناوچەکەدا دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئامریکا ئەنجام داوە و هەڵوێستی ئامریکا و جیهانی لێ کەوتووەتەوە.

لە ئێستادا ئامریکا جەختی کردووەتەوە کە بەپێی ١٢ مەرج، ئامادەی دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانە و بەپێی ئەو ١٢ مەرجە، دانوستان بۆ ئێران بە واتای خۆکوشتنە.