کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترانزیتی ماددە سڕکەرەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەکار دەبێتەوە

12:28 - 20 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشەی لە یەکیەتیی ئورووپا کرد، کە ئەگەر لەسەر بەرجام پێبەند بە ڕێککەوتنەکە نەبێت، پێش بە ترانزیتی ماددە سڕکەرەکان بۆ ئورووپا ناگرن.

حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وتوویەتی: ئێران گەورەترین نرخی بۆ پێشگرتن بە بازرگانیی ماددە سڕکەرەکانەوە وەئەستۆ گرتووە و ئەگەر وڵاتانی ئورووپایی پێبەند بە بەرجام نەبن، ئیتر ئێمە پێش بە ترانزیتی ماددە سڕکەرەکان بۆ ئورووپا ناگرین.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی کردووە، به هۆی ئەو باردۆخەی کە ئامریکا پێکی هێناوە، ئێمە ناتوانین پێش بە ترانزیتی ماددە سڕکەرەکان بگرین، چونکە بەرەنگاربوونەوە دژی ماددە سڕکەرەکان میلیاردها دۆلار پارەی پێویستە.

هاوینی ساڵی ڕابردوو، "عەبدولڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی"، وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، ڕوو لە ئورووپایییەکان وتی: "ئەوەندە بەسە ٢٤ کاتژمێر چاوەکانتان لەسەر یەک دابنێن"، هەتا ئورووپا تووشی مۆتەکەی لافاوی کۆچبەران و باری تریاک ببێت.

هەڕەشەی ئەو وەزیرەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە، هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" باسی لەوە کردبوو، ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی ترانزیتی ماددە هۆشبەرەکان دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە پێشتر ویکی‌لیکس بڵاوی کردبووەوە، وڵاتی ئێران گەورەترین شوێنی ترانزیتی ماددە سڕکەرەکان لە جیهانە و یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زیاترین بەکارهێنەری هەیە.

پێشتریش مەحموود ئەحمەدی‌نژاد سەرکۆماری پێشووی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو، کە سپای پاسداران کونتڕۆڵی بەسەر بازرگانیی ماددە سڕکەرەکاندا هەیە.

ئەو هەڕەشەیەی ڕێژیمی ئێران، دەرخەری ڕووی ڕاستەقینە و شەڕخوازیی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەیە، کە بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆیان لە هیچ کارێکی نامرۆڤانە خۆ ناپارێزن.