کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تراژدیای کۆرۆنا لە کوردستان درێژەی هەیە

12:41 - 3 پووشپەڕ 2720

ماوەی چەند مانگە کۆرۆنا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بڵاو بووەتەوە و لەو ماوەیەدا خەڵكی کوردستان بە هەوڵی یەکتر پێشگیرییان لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو نەخۆشییە گرتووە.

"قاسم سلێمانی دەشتەکی" پارێزگاری ئیلام، لەبارەی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا وتوویەتی، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو پارێزگایە زۆر بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە و زۆر مەترسیدارە.

بەهۆی ئەوەیکە کاربەدەستانی ڕێژیم لە ئیلام ئیزن نادەن ئاماری تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا لەو پارێزگایە بڵاو ببێتەوە، تەنیا باس لەوە دەکەن دۆخی ئەو پارێزگایە قەیرانییە.

لە پارێزگای کرماشان "مەحموودڕەزا مورادی" سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان وتوویەتی، ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوەدایە.

تەنیا لە ماوەی یەک ڕۆژی ڕابردوودا، ١٠ کەس لە کرماشان بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.

لە پارێزگای سنە ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا هەتا ڕادەیەک زۆرە کە بە سنە دەوتریت: "تراژدیای شارێک".

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لەو شارەدا تووشی کۆرۆنا دەبن.

لە پارێزگای ورمێ ڕوژانە زیاتر لە ٧٠٠ کەس تووشی کۆرۆنا دەبن، بەڵام ڕێژیم هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای خستووەتە ئەستۆی خەڵک کە ڕێنوێنییە تەندروستییەکان لەبەرچاو ناگرن.

 ئەم ئامارانە کە لەلایەن خودی ڕێژیمەوە بڵاو دەبێتەوە، ئامارێکی نادروست و دوور لە ڕاستییە و چەواشە دەکرێت.

لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی دەرمانی و پێڕانەگەیشتنی بەرپرسانی ڕێژیم، دۆخی خەڵک بەرەو خراپتربوون دەچێت.