کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترس لە ڕووخان، پاشەکشەی بە خامنەیی کرد

18:05 - 14 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە بڕیارێکدا، وتوویەتی کە داوای لێبوردن لە بنەماڵەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان بکەن، تەنانەت ئەو کەسانەی بە وتەی شۆرای باڵای تەناهیی نەتەوەیی و ڕێبەریی ڕێژیم "گومانی شەڕەنگێزیـ"ـیان لەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، "عەلی خامنەیی" لە وڵامی ڕاپۆرتی "عەلی شەمخانی"، بەرپرسی شۆرای باڵای تەناهیی نەتەوەیی، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان، داوای کردووە کە داوای لێبوردن لە بنەمالەی کوژراوان بکرێت، تەنانەت ئەوانەی کە بە قسەی خۆیان " گومانی شەڕەنگێزبوونـ"ـیان لە سەرە.

لە ڕاپۆرتی "شۆرای باڵای تەناهیی نەتەوەیـی"دا  پێشنیار کراوە کە  "بەپێی چوارچێوە یاساییەکان هاووڵاتیانێک کە هیچ ڕۆڵێکیان لە خۆپیشاندانەکاندا نەبووە و لە ڕەوتی پێکدادانەکاندا گیانیان لەدەستداوە، وەک شەهید بناسرێن و بنەماڵەکانیان بخەنە ژێر چاوەدێریی بونیادی شەهید و ئومووری ئیسارگەران".

هەروەها بڕیار دراوە کە بە بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە بە هەر شێوازیک لەو خۆپیشاندانانەدا گیانیان لە دەست داوە، "دیە" بدرێت.

لە حاڵێکدا کە رێبەری ڕێژیمی ئێران و بە گشتی بەرپرسانی ڕێژیم خۆپیشاندەرانیان بە "ئەشرار، غارەتگەر و تەجزیەتەڵەب" ناو دەبرد و کۆمەڵێک تۆمەتی دیکەیان وەپاڵ دەدان، هەنووکە لە ترسی ڕووخانی ڕێژیم، ڕێبەری ئەو وڵاتە پاشەکشەی کردووە.