کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ڕووخانی دەسەڵاتەکەیان

13:00 - 29 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئەندامێکی شۆرای دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، پاش هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، کێشە و نیگەرانی سەرەکیی ئێمە، ترس لە ڕووخان و گۆڕینی ڕێژیمەکەمانە.

عەلی‌ئەکبەر ناتق نووری، ئەندامی شۆرای دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، لە کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسان و هەواڵنێرانی هەواڵدەریی ئیرنادا باسی لەوە کردووە، کە لە ئەمڕۆ بەدواوە سەرەکیترین کێشە و قەیرانی بەردەم ڕێژیمی ئێران، پرسی ڕووخانە نەک بەرجام.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "دەوڵەتی ئامریکا بە ئاشکرا باسی لەوە کردووە، کە کار بۆ گۆڕینی ڕێژیمی ئێران دەکات، لە لایەکیتریشەوە دوو وڵاتی ئیسرائیل و عەرەبستانیش بەردەوام لە هەوڵدان هەتا ئامریکا ناچار بکەن کە هێرش بکاتە سەر ئێمە".

نووری سەرەڕای چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، بەردەوامیی ئەو ڕێککەوتننامەیە بە سوودی کۆماری ئیسلامی ئێران زانیوە و باسی لەوە کردووە، کە لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی یەکجارەکی ئەو ڕێککەوتننامەیە، بە پشتبەستن بە بەشی حەوتەمی یاسای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەگەری هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە لایەن وڵاتانی جیهانییەوە لە ئارادایە.

ناوبراو لەو بارەدا وتوویە: "بەشداری و چالاکییەکانی ئێمە لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوونەتە سەرەکیترین خاڵی ئاڵۆزی نێوان ئێمە و ئامریکا و هاوپەیمانەکانی، کە لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی بەرجامدا بەپێی بەشی حەوتەمی یاسای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، وڵاتانی جیهانی دەتوانن هێرشی سەربازیی بکەنە سەر ئەو وڵاتەی کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر تەناهی و هێمنی جیهان و هەر وەکوو دەسەڵاتەکەی سەدام حوسێن لە عێراق بیڕوخێنن".

دەستێوەردان و چالاکییە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەردەوامبوونی ئەو ڕێژیمە لەسەر پەرەدان بە پرۆژەی مووشەکە بالستیکییەکانی و گومانەکان بۆ درێژەدان بە بەرنامە ناوکییەکەی، هۆکاری سەرەکی کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام بوو و زلهێزانی ئورووپاییش مەرجی مانەوەیان لە بەرجام بۆ دڵنیابوونەوەیان لە چارەسەریی ئەو نیگەرانییانە و کۆتاییهێنان بە چالاکی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە داناوە.

ئامریکا بە هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەوڵدایە، هەتا هاوپەیمانەتیک دژ بە ڕێژیمی ئێران پێک بێنێت.