کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترۆئیکای ئورووپا و ئامریکا دەیانهەوێت بڕیارنامەیەک دژی ڕێژیمی ئێران پەسند بکەن

11:40 - 12 جۆزەردان 2722

ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا ناسراو بە "ترۆئیکای ئورووپا" لە هەوڵدان لە ڕێگای شورای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت بوونی وردیلەی ئورانیۆم لە وێستگەکانی کە شاراوەن، وڵامدەر بکات.

ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت ئەو هەوڵەی سێ وڵاتی بەهێزی ئورووپا هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر بڕیارێک لەلایەن شورای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی دەر بکرێت، وڵامێکی "قورس و گونجاو"ی دەبێت.

ڕەشنووسێک بۆ ٣٥ وڵاتی ئەندامی شورای حوکام نێردراوە کە لەو ڕەشنووسەدا داوا لە ڕێژیمی ئێران کراوە کە پابەندی بڕیارەکانی خۆی بێت و لە چالاکییە ناوکییەکانیدا ڕوونکاریی هەبێت.

مانگی"ڕەشەمە"ی ساڵی ڕابردوو ڕێژیمی ئێران بەڵێنیی دابوو لە ماوەی سێ مانگدا وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی وزەی ناکی بداتەوە، بەڵام ئەو کارەی نەکردووە.

پشکێنەرانی ئاژانسی ناوکی چوار وێستگەیان لە ئێراندا دۆزیبووەوە کە لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٣ هەتا ٢٠٠٤ بۆ لەنێوبردنی وردیلەکانی ئورانیۆم تێک درابوون.

ساڵی ڕابردووش ڕۆژنامەی "والستریت ژۆرناڵ" لە زاری دیپلۆماتێکی ڕۆژاوایی بڵاوی کردبووەوە کە ڕێژیمی ئێران لە سایتێک کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە چەند مانگی ڕابردوودا نەیتوانیبوو چاودێریی بەسەردا بکات، بە شێوەی شاراوە خەریکی بەرهەمهێنانی پارچەکانی "سانتریفیوژی پێشکەوتوو"یـە.

بەپێی ڕێککەوتننامەی بەرجام ڕێژیمی ئێران نابێ لە ڕێژەی ٣٠٠ کیلۆگرەم زیاتر ئاستی پیتاندنی ئورانیۆم بەرزتر بکاتەوە، بەڵام لە ماوەکانی ڕابردووەوە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای هەڕەشەی وڵاتانی ڕۆژاوایی، ئاستی پیتاندی ئورانیۆمی لە ڕێژەی دیاریکراو پەرە پێ داوە.