کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توانای کڕینی خەڵک بۆ پێداویستییەکانی شەوی "یەلدا" لە ئەمساڵدا یەک لەسەر چوار کەمی کردووە

11:51 - 1 بەفرانبار 2721

"مستەفا ئەحمەدی" سەرۆکی یەکیەتیی چەرەزات و وشکەباری "تاران" بە ڕۆژنامەی "شەرقـ"ـی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی وتووە: "ڕێژەی کڕینی چەرەزات و وشکەبار بۆ شەوی یەلدای ئەمساڵ لەچاو ساڵی ڕابردوو کەمتر لە یەک لەسەر چوار بووە".

ناوبراو لە حاڵێکدا باس لە دابەزینی توانای خەڵک بۆ کڕینی چەرەزاتی شەوی یەلدا دەکات کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی بەربەستەکانی کۆرۆنا پێداویستییەکانی ئەو بۆنەیە بە ڕێژی ٧٠ لەسەد دابەزینی بەخۆیەوە بینیبوو.

بەپێی ڕۆژنامەی "ئێقتساد"ی سەر بەو ڕێژیمە، کڕینی خواردەمەنی و میوەکانی شەوی یەلدا لە ئەمساڵدا بۆ خەڵکی "تاران" بووەتە هیوایەک.

دۆخی ئابووریی خەڵکی کوردستان و ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپی دەچێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ گرینگینەدانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە دۆخی بژێویی ژیانی خەڵک و بەتاڵانبردنی سامانە گشتییەکانی ئەو خەڵکە.