کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توانای کڕێنی کرێکاران، یەک میلیون و ٢١٩ هەزار تمەن کەمی کردووە

17:52 - 28 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: نوێنەرێکی کانوونی باڵای شۆرای ئیسلامیی کار، سەبارەت به دۆخی نالەباری کرێکارەکانی ئێران هۆشداری دا؛ ناوبراو ئاماژەی به دابەزینی توانای کڕینی کرێکارەکانی ئێران کرد.

فەرامەرز تەوفیقی، بەرپرسی کومیتەی مووچەی کانوونی باڵای شۆرای ئیسلامیی کار، لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی حکومەتیی فارس، بە ئاماژەدان به دۆخی نالەباری کرێکارەکان و دابەزینی یەک میلیۆن و ٢١٩هەزار تمەنیی توانای کڕینی ئەم توێژه، لەم بارەوە هۆشداری دا.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە ئەو ڕێژەی دابەزینە بە نیسبەت مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردووەوە دیاری کراوە و وتوویەتی: "ئێمە کاتمان نییە، کوشتن و بەفیڕۆدانی کات بە بیانووی کاری کارناسانە، کاریگەری خراپی لە سەر ژیانی توێژی کرێکار دەبێت."

تەوفیقی هەروەها ئاماژەی بە نرخی دۆلار کردووە و ڕایگەیاندووە کە: "هاتنەخوارەوەی نرخی دۆلار بۆ ١١ هەزار تمەن هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنیی لە سەر ژیانی کرێکار نییە، تەنانەت ئەگەر نرخی دۆلار ببێتە هەزار تمەنیش دیسان ناتوانێ کاریگەری لە سەر دۆخی ژیانی کرێکار دابنێت."

ناوبراو بە ڕەخنە گرتن لە دەوڵەت، وتوویەتی: دەوڵەت ئەبێ ڕۆڵ و کاریگەری خۆی لە بەڵایەکدا کە لەم چەند مانگەی دواییەدا بە سەر خەڵکیدا هێناوە، قەبووڵ بکات، چونکه دەوڵەت بە کاڵ کردنەوەی چاودێری و کارگێڕی بازاڕ، یارمەتی سەرمایەدار و خاوەن کارەکانی داوە تاکوو لەم بازاڕە شڵەژاوەدا قازانج بکەن.

هەروەها داوای لە نوێنەران و دەسەڵاتی دادوەری کردووە کە بە نیسبەت چاودێری نەکردن بە سەر گرانی و کیشە ئابوورییەکانی دیکەدا، وڵامدەر بن.

گرانی و دابەزینی توانای کڕینی شارۆمەندان ناڕەزایەتی زۆری بەدواوە بووە؛ ڕێژیمی ئێران هەمیشە لە کاتی گوشارە ئابوورییەکاندا بۆ بێدەنگ کردنی خەڵک دەست دەکات بە دانی هەندێ پارە، کە بەم شێوەیە خەڵک لە راستیی دۆخەکە دوور دەکاتەوە؛ ئەمساڵ بە سەبەدی حمایەتی غەزایی و پێشتریش بە سەبەدی کالا و یارانە هەوڵی ئەو کارەی دا.