کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تواناییی کڕینی شمەکە سەرەکییەکان لە ئێراندا دابەزیوە

17:19 - 17 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی گوشارە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، خەڵکی ئێران تواناییی کڕینی شمەکە سەرەکییەکانیان نەماوە.

مەهدی یووسف‌خانی، سەرۆکی یەکیەتیی فرۆشیارانی مریشک و ماسیی تاران ڕایگەیاندووە، کە کڕین و بەکارهێنانی سیکەتۆرە، جەرگی مریشک و گوشتە بێکەڵکەکان لە ئەمساڵدا، بە هۆی گرانیی گۆشتی مریشک چووتە سەرەوە و لە ڕۆژدا ١٢٠ تۆن جەرگ و سیکەتۆرە مریشک لە تاراندا دەخوردرێت.

محەممەد تەحانپوور، سەرۆکی یەکیەتیی فرۆشیارانی کەلوپەلی خانوویش وتوویەتی: فرۆشی کەلوپولی خانوو، ٣٠ لەسەد دابەزیوە و نرخەکانیش پاش چوونەسەرەوە دۆلار ٤٠ هەتا ١٠٠ لەسەد گرانتر بوون.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕەزا سالمی، بەرپرسی گشتیی پشتیوانیی لە کاروباری مەروماڵاتی تاران وتوویەتی: ڕێژەی سەربڕینی مەڕوماڵات لە ئێراندا، نزیک لە ١٨ لەسەد کەمی کردووە و بەپێی ڕاگەیندراوی دیوی بازرگانیی سەرانەی بەرخۆریی گۆشتی سوور لە ئێراندا، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، ٢٥ لەسەد دابەزیوە.

دیسان هەر لەم ڕاستایەدا، حوسێن موشەڕەف، سەرۆکی یەکیەتیی میوە و تەڕەکاڵی یەزد، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران، باسی لە گرانیی میوە لە بازاڕەکانی ئێران کردووە و وتوویەتی: بە هۆی گۆڕینی کەشوهەوا و هەروەها کەڵکاژۆکردنی هێندێ کەسی هەلپەرەست بۆ فرۆشتنی میوەکان لە وڵاتانی دەوروبەر بە پارەیەکی زیاتر، نرخی میوە لە بازاڕەکانی ئێراندا ١٠ هەتا ١٥ لەسەد گرانتر بووە و خەڵک ناچارن میوەی پلە سێ و چوار و خراپ بکڕن.

هەر بە وتەی سەرۆکی یەکیەتیی میوە و تەڕەکاڵی یەزد، نرخی هەر کیلۆیەک تەماتە لە ئێستەدا ٤٥٠٠ تمەن، پرتەقاڵی تامسۆن ٧٠٠٠  تمەن، کیوی ٩٥٠٠ تمەن، پیازی سپی ٣٠٠٠ تمەن و سەوزەی خواردن ٤٠٠ هەتا ٤٥٠٠ تمەنە.

ئەم بارودۆخە نالەبارە ئابوورییە کە بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاوە لە حاڵێکدایە، کە ڕێژیم بوودجەیەکی زۆر بۆ بواری نیزامی و چەکوچۆڵ بە مەبەستی پەرەپێدان بە تێرۆریزم لە ڕێگای گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە خۆی لە وڵاتانی دەوروبەر تەرخان دەکات، کە دەکرێت تەرخانکردنی ٥/١ میلیارد دۆلار بۆ بەشی بەرگریی ڕێژیم وەکوو نموونە باس بکەین، کە بە فەرمانی خامنەیی لە سندووقی پاشکەوتی گەشەی نیشتمانی هەڵگیراوە.