کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە، عێراق و ئێران لەبارەی ئاو کۆ بوونەوە

12:10 - 12 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: کێشەی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووەتە بەشێک لە سیاسەتی ستراتیژیکی وڵاتانی ناوچەکە و مشتومڕییەکان لەبارەی ئاو توندتر بووەتەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کاربەدەستانی سێ وڵاتی ئێران، عێراق و تورکیە، لەبارەی پرسی ئاو کۆبوونەوە و بڕیارەکانی خۆیان لەبارەی بەنداوسازی و بەڕێوەبەریی ئاوەکان، دەرکرد.

لە وردەکارییەکانی ئەو دانیشتنە زانیاریی زیاتر بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام بەشێکی ئەو دانیشتنە لەسەر "کێشەی بەنداوەکانی تورکیە لەسەر ڕووبارەکان" بووە.

دەوڵەتی تورکیە لەسەر ئاوی ڕووبارەکانی کە دەڕژێتە نێو خاکی عێراق و دواتر دەچێتەوە نێو ئێران، بەنداوی دروست کردووە، کە ئەوەش کێشە و ناکۆکیی لە نێوان ئەو وڵاتانەدا دروست کردووە.

لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیە لەسەر ڕووباری ئاوی دیجله بەنداو دروست دەکات، ئەوەش ناڕەزایەتیی عێراقی لێکەوتووەتەوە.

"جەماڵ عادڵی"، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان و "سەلام ئەلشومری" سەرۆکی کۆمیتەی وەرزێڕیی عێراق، لەبارەی کێشەی ئاو لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا کۆ بوونەتەوە.

ڕووبارەکانی دیجلە و فۆرات، وەک دەماری حەیاتی بۆ چوار وڵاتی ئێران، عێراق، سووریە و تورکیە دێنە ئەژمار.

دروستکردنی دوو بەنداو بە ناوەکانی "ئیلیسوو و ئاتاتورک"، لە لایەن تورکیەوە لەسەر ڕووباری دیجلە، لێکەوتەی نەرێنیی بۆ ئێران و عێراق دەبێت.

تورکیە دروستکردنی ئەو بەنداوە ڕاناگرێت و لە هەمانکاتدا وەک کارتێکی فشاری سیاسیی بەهێز لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەکاری دێنێت.

دروستکردنی ئەو بەنداوە لە لایەن تورکیەوە، کاریگەریی نەرێنیی ئێکۆلۆژیکی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی جیددی بۆ ئەو وڵاتانە دروست دەکات.