کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە هاوردەی نەوت و گازی ئێرانی کەم کردووەتەوە

13:43 - 6 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: پێش دەستپێکردنی خولی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا، کە تایبەتە بە نەوت و گاز بۆ سەر ئێران تورکیە هاوردەی نەوت و گازی ئێرانی کەم کردووەتەوە.

لە ڕاستای نزیکبوونەوەی سەفەرەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئێران، کە بڕیارە ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانان، سەردانی ئێران بکات، ئیدارەی کونتڕۆڵی بازاڕی وزەی تورکیە ڕاپۆرتی شەش مانگەی خۆی بڵاو کردەوە، کە تێیدا باس لە دابەزینی بەرچاوی هاوردەکردنی نەوت و گازی ئەم وڵاتە لە ئێران کردووە.

لەم ڕاپۆرتەی ئیدارەی کونتڕۆڵی بازاڕی وزەی تورکیە، لەو ڕاپۆرتەیدا کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی خەرمانان بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢١٠٨ی زایینییدا هاوردەکردنی نەوتی خاو و گازی ئێران بۆ تورکیە بە ڕێژەی ٢٧ لەسەد و ١٥ لەسەد کەمی کردووە.

وڵاتی تورکیە ڕایگەیاندبوو، کە پەیڕەوی لە بڕیاری گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران ناکات، بەڵام وردەکارییەکانی ئاماری کۆنتڕۆڵی بازاڕی وزەی تورکیە، باس لە شتێکی دیکە دەکەن،  کە پێش دەستپێکردنی خولی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا کە بیاڤی نەوت و  گاز دەگرێتەوە، هاوردەکانی ئەم بەشانەی لە ئێران کەم کردووەتەوە.