کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە و رێژیمی ئێران بە دوو شێوە باسی رێککەوتنی ئەمنیەتی دەکەن

11:21 - 30 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بە پێی هەواڵە بڵاوبووەکان، دەوڵەتی تورکیە و رێژیمی ئێران لە درێژەی چەندین کۆبوونەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسی و ئەمنیەتی، دوای راگەیاندنی ئەو رێککەوتنە، هەرکام بە شێوەیەک باسی دەکەن.

رۆژی دووشەمە ٢٨ی خەزەڵوەر، جێگری وەزیری نێوخۆی تورکیە و جێگری ئەمنیەتیی وەزیری نێوخۆی رێژیمی ئێران، دوای چاوپێکەوتن و دانیشتنیان، رێککەوتنی دوولایەنەیان راگەیاند کە بە قەولی خۆیان لەگەڵ قاچاخی مرۆڤ و ماددە سڕکەرەکان و هەروەها بەگوتەی ئەوان لەگەڵ تیرۆریزم لە سنووری نێوانیان شەڕ و هاوکاریی هاوبەش دەکەن.

لەو دانیشتنەدا هەر دوولا باسیان لەوە کرد کە گرفت و کێشەیان هەبووە و خەریکی لێک نزیکبوونەوە و تێگەیشتنی هاوبەشن و رێککەوتنێکیان لەسەر بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەکانیان ئەنجام داوە.

جێگای سرنجە کە هەواڵی تایبەت بەو رێککەوتنە لە هەواڵدەریی فەرمیی ئاناتۆلی لەگەڵ هەواڵی پێوەندیدار کە لە هەواڵدەریی فەرمیی کۆماری ئیسلامی ئیرنا، بڵاو بۆتەوە بەتەواوی جیاوازە و هەواڵدەریی ئاناتۆلی باس لە رێککەوتن بۆ دژایەتیی قاچاخی ماددە سڕکەر و بەقەولی خۆیان تیرۆریزم لە سەر سنووری نێوانیان دەکا، بەڵام هەواڵدەریی ئیرنا باس لە لێکنزیکبوونەوە و تێگەیشتن و هەروەها هاوکاری بۆ بەرپەرچدانەوەی گوشارەکانی ئامریکا و ئاڵووێری بازرگانی دەکا.

بەپێی لێدوانی خاوەنڕایان، ساڵانی پێشتریش کۆماری ئیسلامی هەرجۆرە رێککەوتنێکی لەگەڵ دراوسێکان و بەتایبەت تورکیە بۆ قازانجی تایبەتیی خۆی بەکار بردووە و بە نهێنی هەم قاچاخی ماددە سڕکەرەکان و پشتیوانیی لە گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان و تیرۆریستان درێژە داوە و هەم هەوڵی ئاژاوەنانەوەی لە نیو وڵاتانی دراوسێ داوە.