کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە کۆتایی ئۆپراسیۆنی "چنگی پڵنگـ"ـی لە حەفتانین ڕاگەیاند

14:06 - 16 خەرمانان 2720

لە دوای گرژیی و ئاڵۆزی لە نێوان تورکیە و یووناندا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیە ئۆپراسیۆنی "چنگی پڵنگـ"ـی کۆتایی پێهێنا و هێزەکانی لە کوردستانی باشوور و ڕۆژئاوا کشاندەوە و لە سنووری یووناندا جێگیری کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیە لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، هەڵمەتی گەڕان و پشکنینی هێزەکانیان لە باشووری کوردستان لەژێر ناوی ئۆپراسیۆنی "چنگی پڵنگ" کۆتایی پێ هێناوە.

لەدوای گرژیی و ئاڵۆزی نێوان تورکیە و یوونان و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئەو وڵاتەدا، دەوڵەتی تورکیە خەریکە ئامادەکاری دەکات بۆ هەر ئەگەرێک و لە ڕووی ناچاری بە فەرمی کۆتایی بە ئۆپراسیۆنی" چنگی پڵنگ و چنگی هەڵۆ" هێناوە.

هۆکارێکی سەرەکی کێشەکانی ئانکارا و ئاتێن تایبەتە بە سنوورە ئاوییەکانی دەریای نێوەڕاست و هەوڵەکانی گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزە لەو سنوورە ئاویە لەلایەن تورکیەوە.

 یوونان دەڵێت، تورکیه لە ڕۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست سنوورە ئاوییەکانی دەبەزێنێت؛ داواشی کردووە یەکیەتیی ئورووپا سزا بەسەر ئانکارادا بسەپێنێت. فەرانسه و قێبرێس پشتیوانیی خۆیان بۆ داواکەی ئاتێن ڕاگەیاندووە. 

یەکیەتیی ئورووپا دەیهەوێت ڕێگە لە تەشەنەسەندنی گرژییەکانی یوونان و تورکیه بگرێت، چونکە ئەو دوو وڵاتە مێژوییەکیان لە ڕووبەڕووبوونەوە و ئاڵۆزی هەیە.