کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە: کێشەمان لەگەڵ کورد نییە

12:16 - 15 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیە لە بارەی کوردستان لێدوانی جیاواز دەدەن و وەزیری دەرەوەی تورکیە وتوویەتی: کێشەمان لەگەڵ کوردەکان نییە.

"مەولوود چاوش ئۆغڵوو"، وەزیری دەرەوەی تورکیە، لە کاتی بانگەشەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیە باسی لەوە کردووە، ئێمە کێشەمان لەگەڵ کوردەکانی ئێران، عێراق و سووریە نییە و ئەوان خوشک و برای ئێمەن.

چاوش ئۆغڵوو، لە کاتی بانگەشە لەگەڵ ئەندامانی حیزبی ئاک پارتی لە هۆڵی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئاگری ڕایگەیاند، لە ماوەی ١٧ ساڵی ڕابردوودا بەبێ هیچ جیاوازییەک خزمەتگوزاریمان کردووە. ئێمە مافی زۆرمان بە هاووڵاتییان داوە و هاووڵاتییانی کورد ئازادانە بە زمانی خۆیان قسە دەکەن ئەوەش لە ئەنجامی هەوڵەکانی ئەردۆغانە.

قسەکانی وەزیری دەروەی تورکیە لە کاتێکدایە، کە ناوبراو دان بە سێ بەشی کوردستاندا دەنێت، بەڵام کوردستانی باکوور دەسڕێتەوە.

ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیە چەند ڕۆژ پێش باسی لەوە کردبوو لە تورکیه کوردستانمان نییە.

ئەردۆغان سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، لە شاری ئارتڤین وتبووی: "لە وڵاتی ئێمەدا ناوچەیەک ھەیە بە ناوی "کوردستان"؟ ئێستا دەزانن بۆ باسی "پرسی چارەنووس'' دەکەین؟ لە وڵاتی ئێمەدا ئانادۆڵی ڕۆژھەڵات ھەیە، باشووری ڕۆژھەڵاتی ئانادۆڵ ھەیە، ئێمە دەریای ڕەشمان ھەیە، ئێمە دەریای سپیمان ھەیە، ئێمە ئانادۆڵی نێوەڕاستمان ھەیە، ئێمە ئیژەمان ھەیە، ئێمە مارمەرامان ھەیە و ٧٨٠ ھەزار کیلۆمیتر خاکی نیشتمانی ئێمەیە، بەڵام ئەگەر کوردستانتان دەوێت، ئەوە لە باکووری عێراق کوردستان ھەیە، بڕۆنە ئەو شوێنە. ئێمە ڕێگە نادەین ئێوە ئەم خاکە دابەش بکەن".

دوای ئەو قسانەی ئەردۆغان،  لایەنگرانی یاریی تۆپی‌پێ لە دیاربەکر لە باکووری کوردستان، لە کاتی یاریدا یەکدەنگ دروشمی ئێمە کوردینیان بەرز کردەوە.