کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە ١١ کەسی پەیوەندیدار بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ئێرانی دەسبەسەر کرد

17:55 - 24 سەرماوەز 2720

"تێلێڤیزیۆنی تی‌ئاڕتیـ"ـی دەوڵەتی تورکیە لە هەواڵێکدا باسی لە دەسبەسەرکردنی تۆڕێکی ١١ کەسی سەر بە دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە کرد کە لەلایەن "میتـ"ـەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو ١١ کەسە لەلایەن کەسێکی قاچاخچییەوە سەرپەرستی دەکران و کاریان "ڕفاندن یان کوشتنی دژبەرانی ڕێژیمی ئێران" لەو وڵاتە بووە.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە دوایین هەوڵەکانی ئەو ١١ کەسە کراوە کە ڕفاندنی "حەبیب ئیسوەد" ڕێبەری پێشووی "حرکت النضال"، یەکێک لەو هەوڵانە بووە و لەلایەن ئەو تۆڕەوە ڕادەستی ڕێژیمی ئێران کراوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا بەرپرسێکی میتی تورکیە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران بە داڕشتنی پیلانێک، یەکێک لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی ئەلئەحوازی کێشاوەتە تورکیە و لەوێوە بردوویانەتە ئێران.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی ٢٢ی خەزەڵوەر لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی دەسبەسەرکردنی "حەبیب ئیسوەد"ی پشتڕاست کردبووەوە.

گرووپی "حرکت النضال" کە بە ناوی " بزووتنەوەی عەرەبی ئازادیخوازی ئەلئەحواز" چالاکییەکانی خۆی لە ساڵی ٨٤ی هەتاوییەوە دەست پێکردووە، دەڵێن کە بۆ "سەربەخۆیی پارێزگای خووزستان و جیابوونەوە لە ئێران" خەبات دەکەن.