کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیەش پشتی لە ڕێژیمی ئێران کرد

12:17 - 1 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: حکوومەتی تورکیە بە هۆی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، هاوردەکردنی نەوت و سەرجەم سووتەمەنییەکانی ئەو ڕێژیمەی ڕاگرت.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، حکوومەتی تورکیە هاوردەکردنی نەوت و سەرجەم سووتەمەنییەکانی تری ڕێژیمی ئێرانی ڕاگرتووە و هۆکارەکەشی بۆ گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و لێخۆشنەبوونی دووبارەی ئامریکا لە وڵاتی تورکیە بۆ هاوردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاندووە.

پێشتر، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا شەش مانگ مۆڵەتیان بە وڵاتی تورکیە و چەند وڵاتی تر دابوو، تاکوو لە ڕاستای گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێراندا هاوردەکردنی نەوت و سووتەمەنییەکانی خۆیان لە ڕێژیمی ئێران کەم بکەنەوە و لە کۆتاییشدا سەرجەم هاوردەکردنەکانی خۆیان لە ڕێژیمی ئێران ڕابگرن.

لەم بارەوە، پاڵاوگەی نەوتیی تاپراسی تورکیە، داوای لە حکوومەتی دانڵد ترامپ کردووە، کە لێخۆشبوونی دووبارە بۆ هاوردەکردنی نەوت و گازی ڕێژیمی ئێران لە لایەن وڵاتی تورکیەوە پەسەند بکات، بەڵام دانڵد ترامپ داواکارییەکەی ڕەت کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، چوار ڕۆژی مابوو بۆ تەواوبوونی مۆڵەتی لێخۆشبوونی تورکیە سەبارەت بە هاوردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران، کە نەوتکێشی ڕێژیمی ئێران بە ۱۳۰ هەزار تۆن نەوتەوە، کەنارەکانی وڵاتی ئێرانی بەرەو کەنارەکانی وڵاتی تورکیە بەجێ هێشت، بەڵام لە ناکاودا ئەو نەوتکێشە ڕێڕەوی خۆی بۆ شوێنێکی نادیار گۆڕی، کە هێشتا ڕوون نەبووەتەوە بەرەو کوێ ڕویشتووە.

پاش گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئەو ڕێژیمە بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو دابەزیوە، کە بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕێژیمی ئێران کە بە یەکێک لە وڵاتانی سەرەکیی ئەندام لە ڕێکخراوی نێوتەوەییی ئۆپێک هەژمار دەکرێت، ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ڕۆژانەی گەیشتووەتە ۵۰۰ هەزار بەرمیل.

لەم بارەشەوە، عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئامادەییی خۆیان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هەناردەکردنی نەوت و سەرجەم سووتەمەنیی ڕێژیمی ئێران لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕاگەیاندووە و ڕێژیمی ئێرانیش بە چەند کردەوەیەکی تێرۆریستی بۆ سەر پاڵاوگە و نەوتکێشەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ئاوەکانی کەنداودا، لە ڕێگای گرووپە تێرۆریستییەکانی خۆیەوە، دژکردەوەی بەرانبەر بەو هەڵویستانە نیشان داوە.