کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکەمەنستان ڕێگیری لە هەناردەکردنی کەلوپەلی ئێرانی دەکات

11:15 - 29 خاکەلێوه 2720

وڵاتی تورکمەنستان لە هەناردەکردنی کەلوپەلی ئێرانی بەهۆی مەترسیی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێگیری دەکات.

''محەممەدحوسێن ڕەوشەنەک'' سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران و تاجیکستان وتوویەتی؛ دەوڵەتی تورکمەنستان ڕێوشوێنی توندیان لە سنووری خۆیان لەهەمبەر هەناردەکردنی کەلوپەلی ئێرانی بۆ وڵاتی خۆیان و وڵاتانی دیکەی ئاسیای نێوەڕاست گرتووەتە بەر.

ناوبراو ئەو هەوڵانەی وڵاتی تورکمەنستانی بە زێدەڕۆیی زانیوە و وتویەتی، ئەو ڕێوشوێنە توندانە بۆ بەهانە هێنانەوەیە، چۆن کەلوپەلە ئێرانییەکان لە ''مەشهەد'' بار دەکرێن و هەتا گەیشتن بە سنووری ئەو وڵاتە حەوتوویەک دەخایەنێت و ئەگەر هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆناش بن لەو مەودایەدا لە نێو دەچێت.

بەرپرسانی باڵای تورکمەنستان ڕایانگەیاندووە کە ترسیان هەیە لە کەلوپەلە ئێرانییەکان کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بن.

لە جیهاندا ئێران بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەژمار دەکرێت.

 ناڕوونیی کردەوەکانی ڕێژیم لەهەمبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەندێک لە وڵاتانی دەوروبەر لەوانە عێراقی ناچار بەوە کردووە کە لە هاوردەکردنی کەلوپەلی ئێرانی خۆببوێرێت.