کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توركیە نەوتی وڵاتانی دیكە جێگرەوەی نەوتی ئێران دەكات

15:02 - 12 خەزەڵوەر 2712

كوردستان میدیا: وڵاتی توركیە هاوردە كردنی نەوتی لە وڵاتی ئێرانەوە كەم كردۆتەوە و لەحاڵی حازردا زۆرترین نەوت لە عێراقەوە هاوردە دەكات.


وڵاتی توركیە لە مانگی رەزبەردا كڕینی نەوتی لە رێژیمی ئێران گەیاندۆتە ١١٠ هەزار و ٣٠٨ بۆشكە لە رۆژدا و ئەو رێژەیە بەنیسبەت مانگەكانی پێشوو لەسەدا ٥٠ دابەزینی بە خۆیەەوە بینیوە.
لەحاڵی حازردا حكوومەتی توركیە رۆژانە زیاتر لە ٤٣٠ هەزار بوشكە نەوت لەوڵاتانی دیكەوە هاوردە دەكات و لە كۆی ئەو رێژەیە زیاتر لە ١١٥هەزار بۆشكە نەوت لە عێراق دەكڕێت.
توركیە پێشتر رۆژانە ١٨٠ هەزار بۆشكە نەوتی لە ئێرانەوە هاوردە دەكرد.

پاڵاوگەی نەوتی تۆپڕاشی توركیە لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا تەنیا دوو جار نەوتی لە ئێران هاوردە كردووە و نێوەنجی ئەو هاوردە كردنەش لە رۆژدا دەگاتە ٧٠ هەزار بۆشكە.
بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی حكوومەتی ئێران لە مانگی رابردوودا گەیشتۆتە ٢ میلیۆن و ٨١٧ هەزار بۆشكە و بە نیسبەت سێ‌مانگی یەكەمی ساڵی میلادی ٥٦٦ هەزار بۆشكە لە رۆژدا كەمی كردووە.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی اوپكدا، نرخی هەر بۆشكە نەوتی خاوی ئێران لە بازارە جیهانییەكاندا ١٠٩ دۆلارە و بەپێی ئەو نرخە دیاری كراوە رێژیمی ئێران بۆ فرۆشی نەوت بەنیسبەت ساڵی ٢٠١٠ مانگانە نزیك بە ٣ میلیارد دۆلار خەساری لێكەوتووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتبوو، دوابەدوای جێبەجێ بوونی گەمارۆكانی ئەمریكا و یەكیەتیی ئورووپا، هەناردە و هاوردەی نەوتیی رێژیمی ئێران، دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی بەراوردی كارناسانی وزە، داهاتی نەوتیی ئێران لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بە نیسبەت هەمان مانگ لە ساڵی پار لە دە میلیارد دۆلارەوە گەیشتۆتە نزیك بە سێ میلیارد دۆلار.