کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توركیەش پەیوەست بەو وڵاتانە بوو كە لە ئێرانەوە نەوت هاوردە ناكەن

19:51 - 13 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: حكوومەتی توركیە رایگەیاندووە، دەیهەوێ‌ لەمەوبەدوا نەوت لە ئێرانەوە هاوردە نەكات و نەوتی رووسیە جێگرەوەی نەوتی ئەو رێژیمە بكات.
رۆژنامەی حریت بڵاوی كردەوە، لەبەرەبەری سەردانی سەركۆماری رووسیە بۆ توركیە، لێپرسراوانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە، لەمەوبەدوا دەیانهەوێ‌ نەوت لە رووسیەوە هاوردە بكەن.
لەو سەردانەدا ئەو دوو وڵاتە دەیانهەوێ‌ ئاڵووێری بازرگانی خۆیان بگەیەنە ١٠٠ میلیارد دۆلار و لە حاڵی حازردا پێوەندییە بازرگانییەكانی توركیە و رووسیە ٣٢ میلیارد دۆلارە.
هەر لەوپێوەندییەدا دوابەدوای پەسەند كردنی خولێكی دیكە لە گەمارۆكانی سنای ئەمریكا بە دژی رێژیمی ئێران، وڵاتی سریلانكاش بڕیاری داوە نەوت لەو وڵاتەوە هاوردە نەكات.
لێپرسراوێكی وڵاتی سریلانكا بە رۆژنامەی ساندی تایمزی راگەیاندبوو، لەمەودوا نەوت لە وڵاتی عێراقەوە هاوردە دەكەین و هۆكاری هاوردە نەكردنی نەوتی لە ئێرانەوە گەڕاندۆتەوە بۆ پابەند بوون بە رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان.
وڵاتی سریلانكا ٩٢%ی پێداویستییە نەوتییەكانی لە ئێرانەوە هاوردە دەكات.