کوردستان میدیا: به وتەی ڕەوانپزیشکێکی ئێرانی، ٢٣ لەسەدی خەڵکی ئێران ئەزموونی توندوتیژی بنەماڵەیییان هەیە؛ نیوەی ئەم توندوتیژییانە کە لە ئێراندا ڕوویان داوە، توندوتیژی لە بواری قسەکردندا بووە.
ئەحمەدعەلی نوورباڵا، ڕەوانپزیشکی ئێرانی لە کۆبوونەوەیەکدا لە تاران ڕایگەیاندووە: ٢٣ لەسەدی ئێرانییەکان ئەزموونی توندوتیژی بنەماڵەیییان هەیە.
ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، که زۆرترین ئاماری توندوتیژیی بنەماڵەیی لە پارێزگاکانی لوڕستان، کرماشان و ئیلامدا تۆمار کراوە.
بەپێی وتەکانی ئەم ڕەوانپزیشکە، توندوتیژیی بنەماڵەیی لە ئێراندا لە حاڵی پەرەسەندندایە و نیوەیەک لە توندوتیژییەکان کە لە ئێراندا ڕوو دەدەن، به شێوەی زارەکی و لە قسەکردندا ڕوو دەدەن.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، لە نێوان ئەو توندوتیژییانە کە لە ئێراندا ڕوویان داوە ، توندوتیژیی زارەکی و دەروونی، زۆرترین ڕیژەیان بۆ خۆی تەرخان کردووە. لێکۆڵینەوەکانی خەسارناسانی کۆمەڵایەتی نیشانی داوە، که لە هەر ٢٠ ژنی ئێرانی، یەک کەسیان ڕووبەرووی ئازاری فیزیکی هاوسەرەکەیان بوونەتەوە که ئەمە جاروبار لە لایەن خودی ژنانەوە ئینکار دەکرێت، یان دەشاردرێتەوە و ناڕەزایەتیدەربڕین و تۆمارکردنی سکاڵاش، هیچ ئاکامێکی نابێت. لە ئێراندا کەمتر لە ٣٥ لەسەدی توندوتیژییە بنەماڵەیییەکان وەکوو ڕاپۆرت به فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی (اورژانس اجتماعی) یان پولیس دەدرێتەوە و جاروباریش هیچ کام لە قوربانییەکان بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەوە کارێکی شیاو نییە و نابێت قەبووڵ بکرێت.
لە لایەکی تریشەوە، یاساکانی ئێران به شیوازێکن که لە هەندێک بابەتدا، ئەو ئازارە فیزیکییەکانەی کە لە لایەن پیاوانەوە بەرانبەر به ژنان ئەنجام دراون، گوێیان پێ نادرێت و ژنان به هۆی تەمکینکردن لە هاوسەرەکانی خۆیان ناچار دەبن، جۆرەکانی ئازارە فیزیکی و دەروونییەکان قەبووڵ بکەن.