کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توندوتیژی لە شوێنی کار و رێگاچارەکانی

11:51 - 9 خەزەڵوەر 2719

ڕۆژیندا بەیان

توندوتیژی شوێنی کار، یان توندوتیژی بازاڕ یەکێکە لەو فۆڕمانەی توندوتیژی کە زۆر باسی لێ دەکرێت. ژنان و قوربانییەکانی ئەم فۆڕم و شێوە لە توندوتیژییە، بە شێوەی جیاواز زیاتر لە لایەن خاوەنکار و هاوکار و کەسانی بازاڕەوە دەکەونە بەردەم توندوتیژی کە لەگەڵ ئەو ژنانەی کە لە دەرەوە و لە بازاڕ و لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن، قسە دەکەیت زۆر جاران گوێت لە ئەزموونی جیاوازی توندوتیژی دەبێت لە لایەن پیاوانەوە دژ بە ژنان. سووکایەتی پێکردن، توانج بۆ خستن، دەست بۆ بردن، دەستدرێژی سێکسی و ... شێوە جیاوازەکانی توندوتیژی شوێنی کارە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە.

زۆر جارانیش قوربانی ناچار دەکرێت بێدەنگی هەڵبژێرێت و بەرامبەر بەو دەستدرێژییانە. لە لایەکەوە لە بەر خاتری ئەو شتەی کە پێی دەڵێن ئابڕوو و حەیا و شەرم، بێدەنگ دەبێت و لە تەنیایی خۆیدا، بیر لەم بابەتە دەکاتەوە و وەک خۆرکە دەروونی دەخوات. داب و نەریتی باوی کۆمەڵایەتی، بوونی کەلتووری عەیبە و کۆمەڵێک تابۆی کۆمەڵایەتی و کەلتووری دیکەش کە دروستکراون بەر بەوە دەگرن کە ژنان و کچان لە ئازارەکانیان بدوێن. بەم شێوەیە دەتوانین بڵێن عورف و داب و نەریت دەبن بە هۆکاری بێدەنگ بوونی ژنان بەرامبەر بەو دەستدرێژییەی لە شوێنی کار دەکرێتە سەریان و بێدەنگ بوون بەرامبەر بە توندوتیژی، لە راستیدا به بەردەوامی توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە.

 لە لایەکیترەوە زۆر جاران لە بەر ئەوەی کارەکەی لە دەست نەدات. زۆر جار خاوەنکار و خاوەن سەرمایە، بەو دەرکەوە کە ئەو ژنە یان کچە پێویستی بەو کارە هەیە، دەستدرێژی دەکاتە سەری و لە ئەگەری باسکردنی مەترسی لە دەستدانی کار دەکەوێتە سەری. لە بەشێکی زۆر لە وڵاتان و بە تایبەت وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی سێهەم، دیاردەی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان لە شوێنی کار بەربڵاوە. لە بەشێک لە وڵاتان و بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپایی، خاوەنکارەکان لە ترسی یاسا ناوێرن توندوتیژی بنوێنن بەرامبەر بە ژنان، لەبەر ئەوەی لە ئەگەری سکاڵاکردنی ژنان، ئەوان تووشی لێپرسینەوە، زیندانی بوون و سزادانی ئابووری و ... دەبنەوە. ئەو یاسایەی لەو وڵاتانە جێگیرە پشتگیری ژنان دەکات لە بەرامبەر دەستدرێژی خاوەنکار و هاوکارەکاندا. هەر چەند ناتوانرێت ئەوە بوترێت لە وڵاتانی رۆژئاوایی دیاردەی دەستدرێژی و توندوتیژی شوێنی کار بوونی نییە، بەڵام لە چاو وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانی سێهەم زۆر کەمترە. جگە لەوەش عورف و داب و نەریت نەبووە بە کۆسپێک کە بەر بەوە بگرێت ژنان باس لەوە بکەن کە دەستدرێژی دەکرێتە سەریان. وەک دەبینین و دەخوێنینەوە ژنان بە بێ هیچ ترسێک لە بەردەم میدیا گشتییەکان باس لەوە دەکەن لە لایەن پیاوانەوە، تەنانەت پیاوانێکی ناوداری وەک، بێرلسکۆنی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیتالیا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، بیل کلینتۆن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی ناوداری فووتباڵ و زۆر کەسیتر، دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر و توندوتیژیان بەرامبەر کراوە. جگە لەوەی لۆمە ناکرێن بۆچی باسی دەکەن، بەڵکوو یاسا پشتگیریان دەکات، لە میدیاکانەوە وەک باسی رۆژ گرینگی پێ دەدرێت و بە پێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بەڵام ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانە بە کوردستانیشەوە بێدەنگی بەرامبەر دەکرێت و زۆر کەم ئەو چیرۆکانە دێتە بەر باس.

وەک وترا سێ هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ ئەوەی قوربانی توندوتیژی، بەرامبەر بە توندوتیژی و دەستدرێژی لە شوێنی کار بێدەنگی هەڵبژێرێت.

  • دیدی کۆمەڵگا بۆ چەمکی دەستدرێژی سێکسی. ئەوەی کە قوربانییە جارێکیتر لە لایەن کۆمەڵگاوە جۆرێک دادوەری لە سەر دەکرێت. لە هەر حاڵدا لەبەر ئەوەی ئەو ژنە، بە  تاوانباری سەرەکی ئەم دەستدرێژییە دەزانرێت. لەگەڵ ئەمەش تا ئێستە باسکردن لەم دیاردەیە لە نێو کۆمەڵگا و بنەماڵەکاندا وەک تابۆ چاوی لێ دەکرێت و زۆرجاران رەنگە تەنانەت ببێت بە هۆی مەرگ و کوشتنی قوربانی لە لایەن بنەماڵە و پیاوانی بنەماڵە و عەشیرەوە.
  • قوربانی لە باری ئابووری و ماددییەوە سەربەخۆ نییە. بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی خۆی و بنەماڵە پێویستی بە کارە. خاوەنکار یان بەرپرس یان هاوکاری پلەباڵاتر، ئەم دۆخەی ئەو لەبەرژەوەندی نیازەکانی خۆیدا دەگوازێتەوەو لەبەر ئەوەی دەزانێت قوربانی لە ترسی لە دەستدانی کار ئامادە نییە باس لەو دەستدرێژیانە بکات، درێژە بە دەستدرێژی و توندوتیژی نواندن ئەدات بەرامبەر بە قوربانی.
  • یاسا: یاسا دەتوانێت پشتیوانێکی گەورەی ژنان و کچان بێت لە بەرامبەر دەستدرێژی کەرەکاندا و بیانپارێزێت. وەک هەمان ئەو دەورەی کە لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی رۆژئاوایی هەیەتی، بەڵام یاسا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەها دەورێک نابینێت. نە یاسا و نە دادوەرەکان و نە لایەنەکانیتری پەیوەندیدار ئەو ناوەندە نین کە ژنان لە کاتی دەستدرێژیدا بتوانن پەیوەندی پێوە بکەن. یاسا لەم ناوچانە یاسایەکە لە بەرژەوەندی خاوەنکارەکان و لە هەمانکاتدا یاسایەکە کە لە عورف و داب و نەریت زۆر رەنگدانەوەی بووە تێیدا. لەم دۆخەدا یاسا نەک لە بەرژەوەندی ژنان و قوربانییەکان، بەڵکوو لە بەرژەوەندی خاوەنکاراندایە.

دەتوانین بڵێین توندوتیژی دژی ژنان لە شوێنی کار، تایبەت بە وڵاتێکی دیاریکراو و کەلتوورێکی دیاریکراو نییە، بەڵام بەپێی وڵات و کەلتوورەکان، بە پێی ئاستی ووشیاری تاکەکان، بە پێی یاسای وڵاتان و پەروەردە جیاوازی هەیە. دەبێت ژنان و کچان وەها پەروەردە بکرێن کە لەبەرامبەر توندوتیژی بە هەموو فۆڕمەکانییەوەو بە تایبەت توندوتیژی شوێنی کار لە شێوە جیاوازەکانیدا بێدەنگە هەڵنەبژێرین. بێدەنگە هەڵبژاردن مەشرووعییەت دانە بە توندوتیژی و توندوتیژی زۆرتری لێ دەکەوێتەوە. لەهەمانکاتدا دەبێت هەوڵ بدرێت لە سەرجەم مێکانیزمە یاسایی و پەروەردەیی و ئابوورییەکان کەڵک وەربگیردرێت بۆ پێشگرتن لەم دیاردەیە.

یاسا دەبێت ببێتە پاڵپشتی ژنان و قوربانییەکان، نەک ئەوەی ببێتە مێکانیزمێک بۆ مەشرووعیەتدان بە توندوتیژی. هەروەها لایەنە جێبەجێکارەکانی یاساش دەبێت ببن بەو ناوەندەی کە ژنان بە بێ ترس، پەنایان بۆ بەرن، نە ئەوەیکە بترسن جارێکیتر بکەونەوە بەر توانج و تانە و توندوتیژی لە لایەن لایەنە جێبەجێکارەکانی یاساوە.

سیستمی پەروەردە دەبێت کار لەسەر ئەوە بکات کە کۆمەڵگا بەرامبەر بە چەمکی توندوتیژی وشیار بکاتەوە. لە هەمانکاتدا ژنان لەم سیستمەدا وەها وشیار ببنەوە کە بە بێ ترس باس لە سەرجەم ئازارەکانی خۆیان بکەن، بێ ئەوەی ترسیان لە سەر بێت.

سەربەخۆیی ئابووری و ئەمنیەتیی ئابووری ئەتوانێت بەر بەوە بگرێت کە ژنان لە لایەن پیاوان و خاوەنکارەکانەوە دەستدرێژی بکرێتە سەریان. دەبێت لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەو دەرفەتە بخوڵقێت کە ژنان بتوانن بە شێوەی یەکسان و بە بێ ترس لە شوێنی کار، کار بکەن بە مووچە و حەقدەستی یەکسانەوە لەگەڵ پیاوانی هاوپیشەیان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.